پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابخرێت
سەركردەیەكی رەوتی سەدر پێشبینی دەكات هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابخرێت و دەلێت: خۆمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ناونووس نەكردووە.
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بە فەرمی دەرگای بۆ ناو تۆمارکردنی هاوپەیمانی و لایەنەکانی داخست بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کە بڕیارە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت، ڕەوتی سەدر رای گەیاند كە خۆیان ناونووس نەكردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە، بەم شێوەیە كۆمسیۆن رەوتەكە دەخاتە دەرەوەی بازنەی هەڵبژاردنەكانەوە.
ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە كە دوای ئەوەی ڕەوتی سەدر لە 29ی ئابدا لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق کشایەوە، ئەلسەدر بڕیاری دا نوێنەرانی فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و لە کاری سیاسی خانەنشین بكرێن، ئەم جارەش بڕیاری دا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش بەشداری نەكەن، لەمبارەیەوە سەرکردەیەکی ڕەوتی سەدری بە ماڵپەڕە عەرەبییەكەی ڕاگەیاندووە كە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بڕیاری داوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان نەکات، بزووتنەوەکەش خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە تۆمار نەکردووە.
سەركردەكەی رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە كە ئەگەری زۆر هەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێت.