سەربازێکی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژرا
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 5ی ئەیلوولی 2023 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، کوژرانی سەربازێکی بەناوی ئوناڵ سیپاهی و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قووفڵ لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەمەش، وەکو لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 105 سەرباز.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەپەگە کە رۆژی 6ی ئەیلوولی 2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە. لە ئەنجامدا حەوت سەرباز کوژراون و کە چواریان کەوتووەتە بەر دەستیان.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.