رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

تێگەیشتن بۆچی حکومەتی ھەرێم نەیدەویست بەبێ گەرەنتی نەوت رادەست بکات؟

ئێستا تێگەیشتن بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیدەویست بەبێ گەرەنتی نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات؟

بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر حزب و لایەنی سیاسیی كوردستانی، لەگەڵ زۆر لە كەسانی جۆراوجۆر كە بە هەر جۆرێك بێت، لە خزمەتی ئەو حزبە سیاسییانەدان، ببوونە محامیی حكوومەتی عێراقی و بەردەوام خەڵكی كوردستانیان هان دەدا تاوەكوو فشار بخەنە سەر حكوومەتەكەیان بۆ ئەوەی هەموو شتێكی كوردستان تەسلیمی بەغدا بكەن لە نەوتەوە تاوەكوو بچووكترین شت!

پاش دەرچوونی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق كە بەداخەوە هەر ئەو حزبە كوردستانییانە بوونە بەشێك لە پیلانگێڕیی شۆڤێنییەكانی عێراق و دەستكاریی هەموو ئەو بڕگە و ماددانەیان كرد كە بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی لە پرۆژەیاسای بودجە نووسرابوونەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت یاسای بودجە دەركرا كە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ بكرابا، دەبوایە تەنیا لە 2023دا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

بەداخەوە جارێكی دیكە لە بەغداوە، ئەوانەی شكستی دەیان ساڵەی خۆیان بە هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان دادەپۆشن، ئەوانەی هێشتا خەون بەوە دەبیننەوە كە دەرفەت بێنن و ئەنفالێكی دیكەی گەلی كوردستان بكەن، لە ڕێگەی دەست بردن بۆ كارتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان، نەك ئەو 16 تریلیۆن دینارەیان بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە، بەڵكوو تەنیا یەك لەسەر هەشتی ئەو پارەیەیان ناردووە كە ئەمەش زوڵمێكی ئاشكرا و زەقە لە گەلی كوردستان و هەرێمەكەمان دەكرێت.

ئێستا كاتی ئەوە نییە دژی یەكتر بوەستینەوە و بەرژەوەندیی گەلەكەمان لێمان دەخوازێت هەموومان یەكڕیز و تەبا بین، هەروەك هەموان بۆیان دەركەوتووە كە بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراویش تیمی پارتی لەنێو حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەیاندەویست بەبێ گەرەنتی، نەوتەكە ڕادەستی عێراق بكەن، چونكە لایەنی عێراقی هیچ كاتێك پابەندی ڕێككەوتنەكان نابێت و هاووڵاتییانی كوردستانیش بە هاووڵاتیی پلە یەكی عێراق نازانێت، بەڵكوو هێشتا هەروەك ڕژێمی بەعسی پێشوو، لە چاوی دەسەڵاتدارانی بەغداوە خەڵكی هەرێمی كوردستان بە كورد و توركمان و عەرەب و هەموو پێكهاتەكانەوە، هاووڵاتیی پلە دوون!

لێرەوە دووپاتی دەكەینەوە، خەڵكی كوردستان هیچ كاتێك بەرامبەر بە هیچ فشارێك چۆكی دانەداوە و هەرگیزیش چۆك دانادات، بۆیە هیوادارین هەموو ئەوانەیشی كە تاوەكوو ئەمڕۆ لە دژی گەلی خۆیان وەستاونەتەوە، بێنەوە سەر ڕێ و ڕێبازی كوردایەتی و لەوە تێبگەن لە چاوی بەغداوە هەموو كەسێكی هەرێمی كوردستان وەك یەكن و ئەگەر ئێستا موجامەلەی هەندێك كەس و لایەن دەكەن، بۆ ئەوەیە كە بەكاریان دەهێنن، ئەگینا هیچ كاتێك ئەوان باوەڕیان بە پێكەوەژیان و یاسا و دەستوور و هیچ شتێك نییە و هەر كەس هەستیان بە بەهێزیی خۆیان كرد، دەست لە خەڵكی كوردستان ناپارێزن!

مەریوان قەرەنی
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button