رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

تورکیا شوێنی مانەوەی پەکەکە و حزبە کوردیەکانی ئێران دیاری دەکات

لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆلی سەر بە حکومەتی تورکیا دەلێت: “گرووپەکانی دژبەری ئێران لەکوێ دەمێننەوە و دوای کشانەوەیان دۆخی سنوورەکانی ھەرێم چی لێ دێت؟”

ئاژانسی ئەنادۆلی سەر بە حکومەتی تورکیا، لەڕاپۆرتێکدا شوێنی مانەوەی پەکەکە و حزبە کوردییەکانی ئێران، دیاری دەکات و دەلێت: “ساڵی ١٩٩٥ چیاکانی قەندیل کە بنکە و بارەگای سەرکردایەتی حدکا و کۆمەڵەی لێ بوو، چۆلکرا و لە ناوچە دەشتاییەکانی کۆیە کە ٦٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر دوورە، نیشتەجێ بوون.”

سەبارەت بە کۆتایی هاتنی رێککەوتنەکەی ئێران و عێراقیش دەنوسێت: ١٩ی ئەیلوول، ئۆلتیماتۆمی سێ مانگەی ئێران دوای ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆتایی پێدێت. خواستی ئێران چەککردن و گواستنەوەی ئەو لایەنانەیە کە دژبەری ئەوانن و ساڵانێکی زۆرە لە ھەرێمن. ھەرێمیش پابەندی خۆی بە ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاندووە. لەگەڵ نزیکبوونەوە لەو وادەیە، لەسەر ئاستی باڵا بەرپرسانی عێراق و ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێدەکرێت. ئەگەرچی ئێرانییەکان سوورن لەسەر ئەوەی کە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە دەبێتە ھۆی ھێرشی سەربازی بۆ سەر ھەرێم، بەڵام وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن لە تارانەوە ڕایگەیاند: “ھیچ مەعقول نییە لە کاتێکدا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات زۆر باشن، بەڵام لەبەرامبەردا بە بۆردوومان و ئەنجامدانی ھێرشی سەربازیی، ھەڕەشە لە سەروەری عێراق و ھەرێم دەکرێت”. وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی درکاند کە، “گرووپە چەکدارەکانی سەر سنووری عێراق و ئێران، چەککراون، ھەروەھا کەمپ بۆ ئاوارەکان دامەزرێندراون کە لەژێر پاراستنی ڕێکخراوی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دان”.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسە، ئاماژە بە شوێنی مانەوەی حزبە کوردییەکانی ئێران و سنووری دابەش بوونیان ئاشکرا دەکات و دەلێت: لەگەڵ شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا، دوو حیزبی کورد بە ناوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و کۆمەڵە، دژایەتی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی ڕاگەیاند و دواتر لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق و میلیتاریزەبوونی ناوچە سنوورییەکان، ئەو حیزبانە دەستیان دایە چەک دژ بە ئێران و لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران، بڵاوەیان کرد. حدکا بە تەواوی لە چیاکانی قەندیل و کۆمەڵەش بە پێی دۆخەکە لە سەر سنوورەکان لە جێگۆڕکە دابوو. بە پێی ڕێککەوتنێک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئێران (وەک حدکا باسی لێوە دەکات) کە ناوەڕۆکەکەی ھیچ کاتێک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرا، حدکا لە ساڵی ١٩٩٥ چیاکانی قەندیل کە بنکە و بارەگای پێشمەرگە و سەرکردایەتی حیزبەکە بوو بەجێ دەھێڵێت و لە قوڵایی خاکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، لە ناوچە دەشتاییەکانی کۆیە کە ٦٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر دوورە، نیشتەجێ بوون، بەو شێوەیە حدکا بە پێی خواستی خۆی لە ناوچە سنوورییەکان دوور کەوتەوە. دوورکەوتنەوەی حدکا لە ناوچە سنووریەکان ھاوکات بوو لەگەڵ نیشتەجێکردنی تیرۆریستانی پەکەکە لە زنجیرە چیاکانی قەندیل و ئەو ناوچەیە تەواو بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە چۆل کرا. دواتر بە چەند قۆناغێک تیرۆریستانی پەکەکە بە ھەموو ناوچە سنوورییەکانی ئێران بڵاوەیان پێکرا.
لە ئایاری ساڵی ٢٠١٥ بە دواوە جارێکی دیکە حدکا بڕیار دەدات کە بگەڕێتەوە سەر سنوورەکانی ئێران و بەشێک لە ئەندامانی بۆ ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر لەسەر سنووری ئێران دەگوازێتەوە.
سێی ئایار حدکا لە گەرووی زینوێ (ناحیەی سیدەکان) دەکەوێتە بەر پەلامارێکی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و ئەندامێکی حدکا دەکوژرێت و سێ کەسیش بریندار دەبن. دوای ئەو تێکھەڵچوونە، لە ترسی دەستوەردانی حکوومەتی ھەرێم و تۆڵەکردنەوەی حدکا، تیرۆریستانی پەکەکە لە ژێر گوشاردا بەشێک لە چەکدارەکانی خۆی لە ناوچە شاخاوییەکانی کێلەشین تا چیای سەکران دەگوازێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی.
بەو پێیە حدکا و کۆمەڵە بارەگاکانیان لەناوچە سنوورییەکانی چیای کێلەشین، چیای ھەڵگورد، چیای سەکران دامەزراون. لە ژێر چیای سەکرانەوە بناری قەندیل دەست پێدەکات و لەوێیەوە بنکەکانی تیرۆریستانی پەکەکە دەست پێدەکات ھەتا سنووری قەزاکانی ماوەت و پێنجوێن و ناحیەی قۆڕەتوو لە ئیدارەی گەرمیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی درێژ دەبێتەوە.

ئاژانسەکە لە وەڵامی پرسیارە “دوایین دۆخ چی بەسەر دێت؟” دەلێت: لە ژێر چاودێری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان-عێراق، ھێزەکانی پاک چوارشەممە ١٣ی ئەیلوول لە ناحیەی پردێ (سەر بە پارێزگای کەرکووک) پاشەکشەی کرد و چەکە قورسەکانیان ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
ھاوکات حدکا و کۆمەڵەش پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراقی نیشاندا و ڕایانگەیاند ڕێز لە سەروەری ھەرێم دەگرن، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ئەیلوول بە فەرمی ڕەوتی چەکداماڵین و گواستنەوەی ھێزەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانەوە بۆ قۆڵایی خاکی ھەرێم (لە داھاتوودا لە کەمێپک کە گومان ھەیە لە ژێر چاودێری UN بێت، نیشتەجێ دەکرێن). دەستی پێکرد.
چۆلکردنی بارەگاکانی حدکا و کۆمەڵە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێم ھاوکات بوو لەگەڵ ڕەوانەکردنی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور( سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق).
بەرەبەیانی ١٤ی ئەیلوول دوای چوونی ھێزێکی پاسەوانی سنوور/ناوچەی یەک بۆ گەرووی زینی وەرتێ لە ناحیەی سیدەکان سەر بە پارێزگای ھەولێر بە مەبەستی پاراستنی سنوور، بەر لە گەیشتنی ھێزەکە بۆ ناوچەی دیاریکراو، تیرۆریستانی پەکەکە ڕێگرییان لە بەرەو پێشچوونی ھێزەکە کردووە و بەمھۆیەوە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھەردوولا ڕوویداوە.
بەپێی ئەو ئەزموونانەی لە ڕابردوو ھەبووە، ھەر شوێنێک کە حدکا بە فشاری ئێران چۆلی کردووە، تیرۆریستانی پەکەکە شوێنەکە دەگرنەوە و ئەو ڕووداوەی دوێنی نموونەیەکی زیندووە کە تیرۆریستانی پەکەکە ھەوڵی چوونیان و جێگیربوونیان لەو شوێنە دەدەن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button