رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

فارس عیسا: ” ئەنجامی سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا دڵخۆشکەرە”

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا ڕایگەیاند کە سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، ھەروەھا ئەنجامەکەی سەردانەکەیش دڵخۆشکەرە.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بە گرنگ ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەنجامی سەردانەکە بۆ خەڵکی ھەرێم، دڵخۆشکەرە.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی ئەو سەردانەی کە شاندی حکوومەتی ھەرێم لە ١٤ی ئەم مانگە بۆ بەغدا ئەنجامی دا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ستەمێکی زۆر کرا، ھەروەھا گفتوگاکانی نێوان شاندی حکوومەتی ھەرێم و شاندی حکوومەتی فیدراڵیی گەیشتە بنەبەست، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، مەسرور بارزانی خۆی بەسەرۆکایەتی شاندی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدای کرد.

فارس عیسا ئاماژەی بەوەیشدا کە سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، چونکە ماوەی سێ مانگە مووچەخۆران و خەڵکی ھەرێم چاوەڕواانی ھاتنی مووچە دەکەن و گوتی: “لە سەردانەکەی ئەمجارەدا، لەنێوان شاندی حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گفتوگۆی چڕوپڕی لەگەڵ سەرکۆماری، عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا”.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا راشیگەیاند، شاندەکەی حکوومەتی ھەرێم لە کۆبوونەوکانیدا لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، ڕاستگۆیانە باسی لە کێشەی مووچە و بوودجەی کرد و گوتی: “ئەنجامی سەردانەکەی ئەمجارەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا، بۆ خەڵکی ھەرێم باش دەبێت و دڵخۆشکەرە”.

فارس عیسا باسی لەوەیش کرد کە بەدڵنیاییەوە، پێشتر ئەو دەستکەوتانە بۆ خەڵکی هەرێم ھەبوون، چونکە ھەموو لایەنە کوردییەکان لە بەغدا یەک دەنگبوون و گوتی: “ھەر کاتێک ئێمە یەک دەنگ و یەک ھەڵوێستی بین، ئەوە لە بەغدا سەردەکەوین، تەنانەت ھیچ کەسێک بوێری ئەوا ناکات دژمان قسە بکات، شاندەکەی ئەمجارەی حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا ھەموو لایەنە سیاسییەکانی تیایدابوو، لەوێ فراکسیۆنە کوردییەکان پێشوازییان لێکردن، سەردانەکەیش پەیامێکی باش بوو و ھێزێکبوو بۆ حکوومەتی ھەرێم لەوەی بتوانێت باشتر گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بکات، ھەروەھا کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی مەسرور بارزانی لە بەغدا، پەیامێکی باش بوو بۆ ئەو پرسانەی کە پەیوەندیداربوون بە دۆخی ھەرێمەوە”.

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەی وەبیرھێنایەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دوایین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاردابوو کە ٥٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بنرێتم، بەڵام حکوومەتی ھەرێم پێی ڕازی نەبوو، چونکە ئەو ٥٠٠ ملیار دینارە زۆر کەمترە لە شایستە داراییەکانی ھەرێم کە لە یاسایی بوودجەدا جێگیرکراوە و گوتی: ” حکوومەتی عێراق بەڵێنی داوە لە کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا کە بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە کە لەبەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سوودانی پێشخراوە و سبەی یەکشەممە ئەنجام دەدرێت، گفتوگۆ و بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەدات”.

فارس عیسا لەبارەی پرسی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم و یاسای نەوت و غازی فیدراڵییەوە ڕایگەیاند کە ھێشتا پرسی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی دۆسیەی نەوت ماوە، ئەمە ویرای ئەوەی لە سەرەتای مانگی نیساندا ڕیککەوتن لەبارەی دۆسیەی نەوت لەنێوان سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کراوە و گوتی: “دەبێت لەسەر دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، گفتوگۆ لەنێوان شاندی حکوومەتی ھەرێم وە شاندی حکوومەتی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام جارێ ڕاوەستاوە و ھێچ زانیارییم لەسەری نییە، بەڵام ئەوەی من ئاگاداربم بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە شاندێکی حکوومەتی ھەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای نەوت و غاز سەردانی بەغدا بکات، بەڵام ئەگەری ھەیە بەھۆی سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئەمریکا، سەردانەکەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا دواخراوە”.

ڕۆژی ١٤، شاندی حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی مووچە، گەیشتە بەغدا کە لە میانیدا بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنەکانی سەربە ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت کۆبووەوە.

مەسرور بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بەغدا رایگەیاند دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی ھەرێم خستووەتەڕوو و گوتی: “پێشنیازە درێژخایەنەکە پەیوەستە بە ھەمواری بەشێک لە ماددە و بڕگەکانی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق کە ئەمە کاتی زۆرتری پێویستە و لە داھاتوودا قسەی لەسەر دەکەین”.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لەبارەی پێشنیازە کورتخایەنەکەیشەوە گوتی: “رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا،‌ بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدرێت”.

ئەمەیش لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ مانگی ئاب دابەشکردوو، کەچی حکوومەتی ھەرێم، مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەش نەکردووە، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی تا ئێستا حکوومەتی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ڕەوانە نەکردووە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button