وردەکاری هێرشەکەی ئەمشەوی ئەمریکا بۆسەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران
فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەوی هەینی، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماژەی بەوە کرد، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، “بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی” بەکارهێنراون.
سەرچاوەکانی حەشدی شەعبی باس لە کوژران و برینداربوونی لانیکەم 10 کەس لە پارێزگەی ئەنبار دەکەن. لە سووریاش سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن، 18 ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران کوژراون.
جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی تەلەفۆنیدا روونیکردەوە، ئەو 85 ئامانجە کەوتوونەتە 7 شوێن، چواریان لە سووریا و سیانیان لە عێراقن و ئەوە تەنیا “سەرەتایە” و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.
کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان 30 خولەکیان خایاندووە و لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیاندا “سەرکەوتوو بوون” و زیاتر لە 125 مووشەک لەو هێرشانەدا بەکارهێنراون کە لەو جۆرە بوون ئامانجەکانیان بە وردی دەپێکن.
مووشەکەکان لە لایەن ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگییەوە هاوێژراون، لەنێویاندا فڕۆکەی دوورهاوێژی بی-1 کە لە ئەمریکاوە تایبەت بۆ ئەو مەبەستە فڕێنرابوون.
روون نییە کاریگەریی ئەو هێرشانە چۆن دەبێت. ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێس رەخنە لە بایدن دەگرن و دەڵێن، دەبوو هێرشەکان زووتر کرابان، چونکە دواخستنیان دەرفەتیان بە گرووپە چەکدارەکان داوە پێگەکانیان چۆڵبکەن و خۆیان بشارنەوە.
لەبەر ئەوەی گرووپە چەکدارەکان زۆرن و لە چەندین شوێنی ژمارەیەک وڵاتی جیاجیادا لە دژی ئەمریکا کار دەکەن، چاوەڕوان ناکرێت بە گورزێکی لەو جۆرە کپ بکرێن.
بەگوێرەی وتەی ژمارەیەک بەرپرسی نێو گرووپە چەکدارەکان کە، بە رۆژنامەڤانانیان راگەیاند، سێ خانوو کە وەک بارەگا بەکاردەهێنران، لەگەڵ کۆگایێکی چەک لە شاری قائیم کراونەتە ئامانج.
هەروەها بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە عەکشات خاپوورکراوە.
ئەم هێرشانەی ئەمریکا لەکاتێدایە کە لەچەند رۆژی ڕابردوو لەهێرشێکی درۆنیدا 3 سەربازی ئەمریکی لە ئوردن گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 50 دیکەش برینداربوونە.