رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

پەیامێکی سوودانی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: “رێژەى 12.67% لە خەرجى راستەقینەی بودجە دەدرێت بە هەرێمى کوردستان و ئیدی حکومەتی هەرێم لە مووچە و پڕۆژەکان دابەشی دەکات بەو جۆرەی دەیەوێت”.

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای سعودی دەڵێت، شتێک بە ناوى مووچەبڕینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەستوور و یاسای بودجەدا نییە و ئاماژە بەوەش دەکات، “رێژەى 12.67% لە خەرجى راستەقینەی بودجە دەدرێت بە هەرێمى کوردستان و ئیدی حکومەت لە مووچە و پڕۆژەکان دابەشی دەکات بەو جۆرەی دەیەوێت، چونکە هەرێمی کوردستان پەرلەمان و حکومەتى هەیە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشى، “ئەگەر بمانەوێت بڵێین دەبێت مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەشێوەى راستەخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت، ئەو کاتە کیانێکى دەستوورى نامێنێت بەناوى حکومەتی هەرێمى کوردستان. ئەگەر هەرێمى کوردستان ئەوەی دەوێت، لە بەیانییەوە یاساکە هەموار دەکەین و وەزارەتى دارایی مووچەکە بەشێوەى راستەوخۆ دەدات. ئەمە پێویستى بە روونکردنەوە هەیە. پرسەکە یاسایی و دەستورییە”.

محەممەد شیاع سوودانى دەڵێت، “پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان باشە بەراورد بە ماوەکانى رابردوو. پەیوەندییەکە لەسەر بنەماى لێکتێگەیشتن، راشکاویی و روونییە. ئەوە بووەتە هۆى دروستبوونی متمانە کە پێشتر نەبوو؛ زۆربەى کێشەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە چارەسەر ببن، لەبەر ئەوەى ئێمە ئامانجێکمان هەیە بۆ لابردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکان”.

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەو کێشانەى لەنێوان بەغدا و هەولێرن زیاتر تەکنیکین وەک ئەوەى سیاسی بن کە پەیوەندارن بە هەناردەکردنەوەى نەوت و بڕگەیەکى یاساى بودجەش هەیە کە پێویستى بە هەموارکردنەوەیە لەبارەى تێچووى بەرهەمهێنانی نەوت کە کەمترە لە تێچووى راستەقینەى ئەو گرێبەستەى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانى نەوت کردوویەتى.

ژێدەر

رووداو

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button