نەجەف سوود لە ئاوەدانیی و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت
پارێزگاری نەجەف رایدەگەیەنێت، بۆ سوودوەرگرتن لە پڕۆژە و ئاوەدانییەكان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و پەیوەندییەكان بەهێز دەكەن.
بەپێی راگەیاندراوێك، یوسف كناوی، پارێزگاری نەجەف، لەگەڵ فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا كۆبووەوە و هاوكاری لە بوارەكانی ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان و گەشتیارییان تاوتوێ كردووە.
یوسف كەناوی پارێزگاری نەجەف، لە میانەی پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند: “لەگەڵ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسمان لە ئاسۆی هاوكاری نێوان پارێزگای نەجەف و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، هەروەها باسمان لە میكانیزمی هاوكاریی و كاروباری هاووڵاتیانیش كرد.”
پارێزگاری نەجەف ئەوەشی خستە ڕوو: “لە نزیكترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەین و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی و ئیداری دەكەین بۆ سوودوەرگرتن لە پڕۆژەكان و ئاگاداربوون لەو گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەیەی كە لە هەرێمی كوردستان هەیە.”
ئەوەشی گوت: “بڕیارە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگای نەجەف بكەن، بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا.”
لای خۆیەوە، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند: “لەگەڵ پارێزگاری نەجەف زۆر بابەتی تایبەت بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و نەجەفمان تاوتوێ كرد، جگە لە چۆنیەتی هاوكاریكردن بەمەبەستی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هەموو عێراق، لەوانەش پارێزگای نەجەف لە بواری بیناسازیی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار.”