رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

پەكەكە چۆن و بەچ ماددەیەک بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانیان سووتاندووە؟

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە بەغدا، ناسنامەی تۆڕەکە و ئامانج و پلانی داهاتوویان ئاشکارکرد.

عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند: “دوای سووتانی چەند بازاڕ و مۆڵێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، تیمێک بەسەرپەرشتی فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەزارەتەکانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکهێنرا و توانییان تۆڕێک دەستگیر بکەن کە سەر بە ڕێکخراوی پەکەکە بوون”.

بەگوتەی میقداد میری، سێ ئەندامی تۆڕەکە دەستگیرکراون، چەندین ئامانجیان هەبووە و بەپێی دانپێدانانی خۆیان پلانیان بۆ چەندین کردەوەی دیکەش داڕشتووە.  زیانی ئاگرکەوتنەوەکانیشیان لە شارەکانی  هەولێر و دهۆک و سلێمانی بە 300 ملیۆن دۆلار خەمڵاند.

میقداد میری، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو تۆڕە لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ڕێکخراوەوە ئەو بازاڕانەیان سووتاندووە، بە شێوەیەک کە دۆزینەوەی هۆکارەکەی قورس بێت. ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی سووتێنەر کە لە پاکەتی شیرینی و جگەرە شاردوویانەتەوە و خستوویانەتە ئەو بازاڕانەوە، ئەو ماددانەش ڕاستەوخۆ ئاگریان نەگرتووە بەڵکو پێنج کاتژمێری پێویست بووە بۆ ئەوەی ئاگر بگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق چەندین ئامانجی تۆڕەکە ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، تۆڕەکەی سەر بە پەکەکە ویستوویانە ئەو پارێزگایەنە بەئامانج بگرن بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی وێران بکەن و زیانی ملیۆنان دۆلاری پێبگەیێنن.


هاوکات یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەو تۆڕە تێکدانی پەیوەندی نێوان وڵاتانی دراوسێ بووە. بەو پێیەی دانیان بەوە داناوە دوو وڵاتی دراوسێ بە ئامانج بگرن، بەپێی دانپێدانانەکانی خۆیان هێرشیان کردووەتە سەر دەوڵەتێکی دراوسێی عێراق، هەوڵیشیان داوە پلان دابنێن هێرش بکەنە سەر دراوسێیەکی دیکەی عێراق و زەوییە کشتوکاڵییەکان بسووتێنن.

میقداد میری، ئاماژە بە پلانی تۆڕەکە دەکات کە لە دانپێدانانەکاندا ئاشکرایان کردووە “پلانیان هەبووە چەندین کردەوەی دیکە هەم لە ناوخۆ و هەمیش لە وڵاتانی دراوسێ ئەنجامی بدەن، لەوانە: هەوڵیان داوە ناوچەی پەترۆڵ لە کەرکووک بکەنە ئامانج، هاوکات هۆتێل و پارکی ئۆتۆمبێل و هێڵەکانی گواستنەوە، هەوڵی ئەوەشیان داوە هێڵی نەوتی کەرکووک جەیهان بکەنە ئامانج و بیتەقێننەوە”.

لەلایەکی دیکە هەوڵی بە ئامانجگرتنی مەدینە سەدر، باب شەرقی بازاڕ و دوکانەکانی بەغدایان هەبووە، لە هەرێمی كوردستانیش پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر بازاڕی نیشتمان، کۆتری سەلام، شەقڵاوە و ناوچە گەشتییارییەکان و تۆڕی گواستنەوەی کارەبا، پلانیان داناوە لە دهۆک و زاخۆش چەند کردەوەیەکی تێکدەرانە ئەنجام بدەن.

د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: “دوو لە دەستگیرکراوەکانیش کوردن، یەکێکیان بە ناوی هونەر فەخرەدین ئەحمە کە سەرپەرشتیاری تۆڕەکە بووە، کاندیدی یەکێتی و ئەندامی هێزەکانی 70ی یەکێتی بووە، یەکێکی دیکەشیان بە ناوی محەممەد نەجات حەسەن ئەفسەر بووە لە دژەتیرۆری سلێمانی”. ئاماژەی بە ناسنامەی تۆمەتباری سێیەمیش نەکرد.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button