وادەی ناردنی مووچەی مانگی 7 ئاشکرا کرا

بەگوێرەی سەرچاوەیەک، کۆتایی ئەم هەفتەیە بەغداد پارەی بەشێكی مووچەی مانگی 7 دەنێرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان گوتی: ئەوەندەى زانیاریمان هەبێت کە لە بەغدادەوە پێمان گەیشتووە، وردبینى بەشێک لە لیستى مووچەى مانگى تەمموز تەواو بووە، کە مووچەى کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنییە، چاوەڕێین کە کۆتایى ئەم هەفتەیە رەوانەى هەرێمى کوردستان بکرێت.
ئەوەشى خستەڕوو، بەبڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ناردنى لیستى مووچەى مووچەخۆران پێشخراوە و وردبینى لیستى مووچەش لەلایەن دیوانى چاودێرى عێراق بەهەماهەنگى دیوانى چاودێرىی دارایى هەرێمى کوردستان ئەنجامدەدرێت و وەزارەتى دارایى عێراق پاش ئەو رێکارانە بڕیار لەسەر خەرجکردنى دەدات.
بەگوێرەی زانیاریەکان، ناردنى مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراق بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغى یەکەم مووچەى کەسوکارى شەهیدان و خاوەن پێداویستى تایبەت و خانەنشینانى مەدەنی رەوانە دەکرێت و دواتر مووچەى فەرمانبەران و پاشان مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان.