رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی حكومەتی هەرێم بە “حیكمەت” قەیرانەكانی چارەسەركرد

ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بۆ (بغداد الیوم): حکومەتی ئێستای هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی توانی قەیرانەکان چارەسەر بکات.

دوای ساڵێك و سێ‌ مانگ لە ڕێككەوتنی نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ و هەرێم “محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی” لە بەغدا لە مانگی نیسانی ساڵی 2023دا، دواتریش گفتوگۆكانی هەردوو سەرۆك وەزیران لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، قەیرانەكانی هەرێم بەرەو چارەسەری تەواوەتی دەڕۆن و لە ئێستادا بودجەی هەرێم بۆ مووچە لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت و بودجەی بەكاربردن و پڕۆژەكان لە داهاتی ناوخۆی هەرێم دابین دەكرێت و عێراق تەنها نیوە كەمتری داهاتی ناوخۆ لە هەرێم وەردەگرێت.

ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بۆ (بغداد الیوم): سیاسەتی ژیرانە حکومەتی ئێستای هەرێمە وای كرد، کە ناکۆکییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، بەتایبەتی لەبواری مووچە و بودجەدا.

بابكەیی وتیشی، “قەیرانی دارایی و دواکەوتنی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی ژیرانە و دیپلۆماسی چارەسەرکرا، هەرچەندە هەندێک لایەنی سیاسی عێراقی دەیانویست بەربەست بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکە دابنێن و دەیانویست قەیرانەکە بەردەوام بێت”.

ڕاشیگەیاندووە، “حکومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی بۆ بەغدا نەهێشتەوە، هەر بۆیەش بە حیکمەت و سەبرەوە قەیرانی مووچە چارەسەر کرا و قەیرانەکانی دیکە هەڵوەشێنرانەوە”.

ڕۆژی پێنج شەممە (30ی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای پایتەختی کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومەتی فیدڕاڵی، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەکانی هێزە سیاسییەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەمیانی سەردانەکەیدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی عێراق کراوە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانیان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، گفتوگۆکان باسیان لە بەرزکردنەوەی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشیش کردووە، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەر لەو كاتەدا، مەسرور بارزانی لەسەر پلاتفۆرمی (ئێكس) نووسیبووی، “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ دووپاتکردنەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکی لەڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور” و جەختیشی كردبووەوە، كە سەقامگیری و ئابوورییەکی بەهێز دەبێت لە پێشینەی کارەکانمان بێت”.

دوای زیاتر لە 10 ساڵ ناكۆكی و ململانێ‌، لە ئێستادا و بەپێی ڕێككەوتنی هەرێم و عێراق، لەسەر ئاستی ئابووری و سیاسی و سەربازی و كایەكانی دیكە لیژنەی هاوبەش و كاری هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەت ئەنجام دەدرێت و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم پێكەوە وردبینی لە داهات و خەرجی و لیستی مووچە دەكەن و پێشمەرگە و سوپا پێكەوە ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدەن و سوپای فیدڕاڵی هاووڵاتیانی كورد دادەمەزرێنێتت و میلاكی دوولیوا خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ و هێزی پاسەوانی سنووری فیدڕاڵی براوەتە سنوورەكان و بڕیار لە یەكخستنەوەی باج و گومرگ دراوە.

هاوكات لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ، لیژنەی هاوبەش هەیە و لە ڕێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ شاندی كوردی بەشداری پێ‌ دەكرێت و لە گەشتی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ وڵاتانی دەرەوە شاندی هەرێم هاوبەشی پێدەكرێت، وەك لە دیداری جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و سودانی لە واشنتۆن بەدیكرا و پشكی هەرێم لە پشكی عێراق بۆ حەج ساڵانە دیاری دەكرێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button