مەسرور بارزانی پێشوازی لە بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان دەکات
ئهمڕۆ شەممە 8/24، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی هاوکاری و پشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، پێزانینیشی بۆ ڕۆڵی بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دەربڕی.
بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتیی ئەوروپا، جەختی لە بەردەوامبوونی کار و چالاکییەکانیان و درێژەدان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و لەمبارەیەوە ئاماژە بە گرنگیی بەشداریی چاودێرانی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەوروپا بەتایبەتی کرا، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری بەڕێوە بچێت.