سكاڵا لە دژی وەزیری دارایی عێراق تۆمار دەكرێت
بەهۆی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، سكاڵایەك لە دژی وەزیری دارایی عێراق تۆمار دەكرێت.
محەمەد گۆمەشینی ، گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند: ” بڕیارە ڕۆژی دووشەممە،26ی8ی 2024، بە فەرمی داوای سکاڵا بەرز بکەمەوە بۆ سەرۆکایەتیی دەستەی مافی مرۆڤ بۆ تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر وەزیری دارایی عێڕاق.”
سەبارەت بە هۆكاری سكاڵاكە گوتی: “بەهۆی پێشێلکردنی دەستوور و جیاکاری کردن لەنێوان فەرمانبەرانی عێڕاق وهەرێمی كوردستان و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. کەنابێ موچە بخرێتە ناو ململانێی سیاسی و تەکنیکی.”
ئاماژەی بەوەش دا: “وەزیڕی دارایی پێشێلی چەند مادەیەكی دەستووری كردووە دادگای فیدراڵیش بڕیاری داوە نابێ بەهیچ بیانوەک مووچە نەنێردرێ و نابێ تێکەڵی ململانێ بکرێ.”
جەختی كردەوە: “چ رێگایەك یاسایی و رێگەپێدرا و ئاسان بێت ئەوە سكاڵاكە لەو رێگەیەوە دەگەیەندرێت.”
ئەمەش لەکاتێکدایە، 34 رۆژە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر تاوەكو ئێستا تەمویلی مووچەی مانگی حەوت بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە.