15 چەکداری داعش لە عێراق کوژران
سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان 15 چەکداری داعشمان کوشت.
ئەمرۆ شەممە، 31ـی 8ـی 2024، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرەبەیانی پێنجشەممە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان هەڵمەتێکیان کردووە و تێیدا سەرکردەکانی داعشیان بەئامانج گرتووە.
هەروەکو سێنتکۆم ئاماژەی پێ کردووە، “لە هەڵمەتەکەدا 15 ئەندامی داعش کوژراون و هیچ کەسێکی سیڤیلیش نەبووەتە قوربانی”.
بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، “حەوت سەربازیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە دا بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی سەرجەمیان جێگیرە.”
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا باسی لەوە کردووە ئۆپەراسیۆنەکە لە “رۆژئاوای عێراق” کراوە، بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژەی بە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە نەکردووە: “ئەندامەکانی داعش چەندین چەکی وەکو نارنجۆک و بۆمبی چێندراویان پێبووە و پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان لەخۆیان بەستاوە”.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، “داعش وەکو هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە، هاوپەیمانەکانمان و وڵاتەکەمان بەردەوامە. ئێمە لەپاڵ هاوپەیمانەکانمان و لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی ئەو تیرۆریستانە.”
ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی نێوان عێراق و ئەمریکا لەکاتێکدایە، گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بەردەوامە.
ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش جێگیر کردووە.