زیاتر لە 50 هەزار بندیوار لە وەزارەتێکی عێراق ئاشکرا دەکرێت
لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، لەکۆی 106 هەزار فەرمانبەری وەزارەتەکە، تەنیا 40 هەزاریان چالاکن و ئەوانی دیکە بێکارن.
مۆفەق حوسێن، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عیراق بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، “پێکهاتەی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان کۆنە، تاقیگە و کارگەکانی ناو وەزارەت زۆر کۆنن و تەمەنی دامەزراندنیان بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، هەربۆیە ناتوانێت ڕکابەری بەرهەمە هاوردەکراوەکان بکات”.
بەگوتەی مۆفەق حوسێن، پێشخستنی دۆخی ئابووری و پیشەسازیی عێراق پێویستی بە بڕیار و ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەتی پیشەسازی لەڕووی داڕشتن و مۆدێرنکردنی تاقیگە و کارگەکانەوە.
وەک ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری باسی دەکات، “وەزارەتی پیشەسازی خاوەنی 106 هەزار فەرمانبەرە، بەگوتەی وەزیری پیشەسازیش تەنیا 40 هەزار فەرمانبەریان ڕاستەقینەن، 66 هەزار فەرمانبەرەکەی دیکە دەوام ناکەن و بێبەرهەمن، ئەمەش جۆرێکە لە بێکاری شاراوە لە حکومەتدا”.