جیهانرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

حیزبی دیموکرات لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاسایشی سلێمانی بەدرۆ دەخاتەوە

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران قسەکانی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی دۆسیەی بەهزاد خوسرەو ڕەتدەکاتەوە و ڕادەستکردنەوەی بە ئێران سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، بەپێی هەموو یاساکان و مۆڵەتی مانەوە لە سلێمانی دەژیا.

دەقی ڕاگەیەندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران:

لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێم لەم شارە دوو جار بانگ کراوە و جاری دووهەم دوای چەند ڕۆژ بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی هۆکاری گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێ بوون لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پێوەندییەکی تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە.

پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی ئیزنی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بووە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. هەروەها ماوەی ٧ ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا و ڕادەگەنێت کە دۆسیەی گرتنی بێهزاد دەبوا بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرابا. بۆیە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو ڕووداوە داوای زانیاری و ڕوونکردنەوەی پتر لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکان و هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو بابەتە دەکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی تەشکیلات

١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٧/٩/٢٠٢٤)

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button