راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی عێراق
ئەمڕۆ یەکشەممە 9/8، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر خواست و ویستی چارەسەر هەبێت، چارەکردنی کێشەکان ئاسانە و پێویستە ڕێزگرتن لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەموو بەشەکانی عێراق بکات و حکومەتی هەموو ناوچە و پارێزگاکان بێت، وەک چۆن داکۆکی لە مافی هاووڵاتییانی بەسرا و بەغدا دەکات، بە هەمان شێوە پێویستە بەرگری لە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بکات.
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی دەستووریییە و دەبێ ڕێز لە قەوارەی فیدراڵی هەرێم بگیرێت و لەم چوارچێوەیەدا ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری هاوڕابوو لەسەر گرنگی و پێویستیی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور. گوتیشی هاتنی ئەم شاندە باڵایەش بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانە.
دواتر لیژنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا، بە جیا لەسەر تەوەرەکان کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەرفراوانیان کرد و کۆبوونەوەکانیش لە کەشێکی ئەرینێیدا بەڕێوەچوون، کە تێیدا بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بیروڕا لەبارەی چارەسەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور ئاڵوگۆڕ کرا و بڕیارە کۆبووەنەوەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بن.