رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی دەكات

دەقی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی:

ڕۆژی دووشەممە 9ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان فواد حوسێن جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری و محەمەد عەلی تەمیم جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلان دانان و خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەڕێز حەمید نەعیم خزیر سكرتێری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بەڕێز عەلی موحسن ئیسماعیل پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراقی لە وەزارەتەكانی دەرەوە و پلاندانان و دارایی و نەوت و بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكان و كشتوكاڵ و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و هەروەها سكرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بانكی ناوەندیی عێراق و دەستەی ئەوراقە داراییەكانی عێراق.

لەو دیدارەدا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانیان بۆ هەرێمی كوردستان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی مەسعود بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و خەبات لەدژی دیكتاتۆریەت هەبوو، هەروەها ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمیان بۆ مەسعود بارزانی خستەڕوو. هەروەها شاندی میوان جەختیان لەوە كردەوە كە چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكوومەتی هەرێم سوودبەخش بووە و مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان.

هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی باڵای حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵی كرد و هیوای ئەوەی خواست كە ئەو سەردان و یەكتردیتنە ئەنجامێكی ئیجابی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان هەبێت. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان لە سەددەی بیستەم و هەروەها ئەوەشی بە ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند كە لەدوای 2003 ئەو چاوەڕوانییە هەبوو كە عێراقێكی تازە بنیات بنرێت كە ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و شەراكەت و دیموكراسی و فرەیی لە ناوچەكەدا. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت.

مەسعود بارزانی لەدرێژەی وتەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانە. ئاماژەشی بەوەدا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە هەموومان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بین كە لایەنەكانی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت لەسەری ڕێك كەوتوون. سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران سودانی هەبوو بۆ نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان و ئەوەشی دووپات كردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسیەكان پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو دیدارەدا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادە بوون كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەكی دیکە لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button