جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاودەبێتەوە
پزیشکان هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدەن. ڤایرۆسەکە بە XEC Covid ناسراوە و ژمارەیەک نیشانەی دەستنیشان کراون.
ڤایرۆسەکە زیاتر لە دوو جۆری هەیە و ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، تا ئێستا لە 15 وڵاتدا دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی میرۆری بەریتانی، پزیشکانی پسپۆر دەڵێن ئەم جۆرە ڤایرۆسە بۆ یەکەمجار لە هاوینی ئەمساڵ لە ئەڵمانیا دۆزراوەتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری پزیشکەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە “هەر کەسێک لە چەند هەفتەی داهاتوودا تووشی کۆکەیەکی نوێ و بەردەوام، نەبوونی ئارەزوو، گیران و ئاوی لووت بوو، دەبێت لە ماڵەوە بمێنێتەوە و خۆی کەرەنتین بکات”.
ئێن ئێچ ئێس، خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، هەرچەندە هۆشیاری گرنگە، بەڵام هیچ نیشانەیەک یان تێکەڵەیەک لەوانەی ئاماژەیان پێدراوە مەرج نییە مانای ئەوە بێت کە تۆ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبیت. ئەم نیشانانە لەوانەیە نیشانەی هەوکردن یان نەخۆشییەکی تر بن یان شتێکی مەترسیدار نەبێت.
جیاکردنەوەی خۆت یارمەتیدەر دەبێت بۆ وەستاندنی ئەگەری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، چونکە ڕێوشوێنێکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە کەسانی تر، بەتایبەتی کەسانی لاواز لە بەرکەوتنی ئەم جۆرە ڤایرۆسە.
پزیشکان دەڵێن دەبێت خەڵک لە بەکارهێنانی ڤاکسین و دەرزی بەهێز بەردەوامبن، لەوانەیە ڤاکسینەکان بەتەواوی ڕێگری لە تووشبوون نەکەن، بەڵام کاریگەرترین ڕێگەن بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی سەخت، خەواندن لە نەخۆشخانە و مردن.
ژێدەر
ئاڤا