کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان بەڕێوەدەچێت
وابڕیارە سبەینێ دووشەممە، یەکەمین کۆڕبەندی ئابووریی فەرەنسا-کوردستان، لە پاریس بەڕێوەبچێت.
یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کۆڕبەندەکەی بە ‘زۆر گرنگ’ ناوبرد و پێی وایە، پەیوەندیی ئابووریی ڕاستەوخۆ، لە نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا دروست دەکات.
بە گوتەی یان برێم “کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەتوانن لە ڕێگەی کۆڕبەندەکە سوود لەو دەرفەتانەی وەبەرهێنان وەربگرن کە لە هەرێمی کوردستان هەن”.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا گوتیشی: “لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی متمانەپێکراو و دۆستانەمان هەیە کە زۆر گرنگ و فرەچەشنە. ئێمە خوازیارین بەردەوامیی بە دەوڵەمەندکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بدەین. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندییەی هەمانە لەنێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان”.
کۆمپانیا فەرەنسییەکان، وەکوو ئەوەی کونسوڵی گشتیی فەرەنسا گوتی “لە کەرتی بیناسازی و ژێرخان لە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهانن. هەروەها کەرتی ئابووریی بە نێودەوڵەتیکراومان هەیە کە زۆر چالاکە لە سەرتاسەری جیهاندا لە ڕێگەی کۆمپانیا پێشەنگەکانەوە”.
یان برێم، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی لەوەش کرد “فەرەنسا، شارەزایییەکی زۆر باشی لە بواری شارە زیرەکەکان و پەرەپێدانی درێژخایەنی ژینگەدۆست هەیە؛ ئەمانەش ئەو تایبەتمەندیی و کوالێتییانەن هەوڵ دەدەین لە میانی کۆڕبەندەکە نیشانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بدەین”.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا پەیامێکی ئاراستەی وەبەرهێنەرانی بەشدار لە کۆڕبەندەکە کرد و داوای لێ کردن ” پرۆژەکانمان بکەینە ڕاستی. با ئەو پەیوەندییە نایابەی لە جیهاندا هاوشێوەی نییە، لە بواری ئابووریدا بەرجەستە ببێت”.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیکەی 60 وەبەرهێنەری کەرتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و دەیان وەبەرهێنەری فەرەنسی، بەشداریی کۆڕبەندەکەی پاریس دەکەن.
ئامانج لە کۆڕبەندەکە، وەک ئاکرەیی باسی کرد “بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسایە. لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، پاریس و هەولێر پەیوەندییەکی زۆرباش و تۆکمەیان هەیە، دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە نایابە لە بواری ئابووریشدا ڕەنگ بداتەوە”.
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیشی کردەوە “دەمانەوێت لە ڕێگەی کۆڕبەندەکەوە وەبەرهێنەرە فەرەنسییەکان هان بدەین بێن لە هەرێمی کوردستان، لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە دەستەی وەبەرهێنان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکات”.
ئاکرەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد “دەمانەوێت کۆڕبەندەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆی فەرەنسا”.