هاتنی زیارەتکارانی شیعەی ئێران لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی کوردستانەوە بەردەوامە
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رەتیکردەوە دەروازەکە بە رووی هاتنی زیارەتکارانەوە داخرابێت و بەپێی ئامارەکان؛ تەنها ئەمڕۆ هەیینی، تاوەکو کاتژمێر 10ـی بەیانی زیاتر لە 3000 زیارەتکار هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان پارێزگای هەولێر و ورمێ کراوە، زیارەتکارانی ئێران دەتوانن لەرێگەی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە بچنە نێو شارەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێندا بکەن و “هاتنی زیارەتکارانیش لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، بەردەوامە.”
ئاژانسەکانی ئێران بڵاویانکردۆتەوە، ئێران دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق بۆ ماوەیەکی نادیار بەڕووی زیارەتکاران دادەخات، ئەویش بەهۆی ئاسانکاریینەکردن بۆ زیارەتکاران لەدیوی عێراقەوە.
لە بەرامبەردا، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، ئاماژە بەوە دەکات: تائێستا دەروازەی حاجی ئۆمەران دانەخراوە، ئەمڕۆ هەیینی ١٠ـی ئەیلوول، تەنها لە ماوەی سێ کاتژمێردا زیاترە لە 3000 زیارەتکار، هاتوونەتە دەروازەکە و تێپەڕیون.
لە رۆژی چوارشەممەوە هاتنی زیارەتکارانی شیعەی ئێران، لەرێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە فەرمی دەستیپێکردووە، گوتەبێژی لیژنەی باڵای زیارەتکارانی ئێران – بەغدا ئاشکرایکردووە: تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار زیارەتکار هاتوونەتە نێو عێراق.
ئاژانسی ئیسنای ئێران، لە زاری ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێرانەوە بە زیارەتکارانی رایگەیاندبوو: تاوەکو ئاگەدارکردنەوەتان لەلایەن ئێمەوە، بەرەو سنوورەکانی عێراق مەڕۆن.
دەشڵێت: بارودۆخەکە بەشێوەیەکە، دوێنی شەو ژمارەیەکی زۆری زیارەتکار گەیشتبوونە دەروازەی سنووریی و بەڵام لەلایەن عێراقەوە ئاسانکارییان بۆ نەکراوە و “ئەوان ئەو توانایەی ئێمەیان نەبوو لە خێرا بەڕێکردنی زیارەتکاران”.
جێگەی ئاماژەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی زیارەتکاران کە ئاسانکاریی تیپەڕبوونیان بۆ ناکرێت، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.
رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی (حوسێن کوڕی عەلی) کە بە ئیمام حوسێن لەنێوا شیعەکان ناو دەبرێت، هەموو ساڵێک لە ٢٠ـی مانگی کۆچی لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. سەدان هەزار لە باوەڕدارانی شیعە سەردانی نەجەف و کەربەلا دەکەن و بە چەندین شێواز ماتەمینی دەگێڕن.