رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

عێراق داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لەبارەی سەرژمێری پەسند دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تێبینی و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان پەسند کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 05-11-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داواکاری و تێبینییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و ئەنجوومەنەکەش پەسندی کردن.

بەگوێرەی بڕیارەکە، لە سەرژمێریدا خەڵک لەسەر بنەمای ناوچە بنچینەییەکانی خۆیان تۆمار دەکرێن، نەوەک شوێنی نیشتەجێبوون؛ تۆمارکردنی خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140 لە شوێنی خۆیان دەبێت.

لە کەرکووک بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 1957 دانیشتووانی پارێزگاکە تۆمار دەکرێن. حكومەتی هەرێمی کوردستان لە سەنتەری تۆماركردنی داتاكان لە بەغدا ئامادە دەبێت.

لە عێراق لە 1ی ئەیلوولەوە گەمارۆسازی و ژمارەلێدان دەستیپێکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 01-10-2024 دەستیپێکرد.

دوێنێ دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024 گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی سەرژمێریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “زیاتر لە 94%ی گەمارۆسازیی ژمارەلێدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان تەواو بووە. پڕۆسەکە بە باشی و خێرایی بەڕێوەدەچێت و لەم یەک دوو رۆژەدا کۆتایی دێت.”

سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئەگەر هیچ کێشەیەک دروست نەبێت، لەکاتی خۆیدا پڕۆسەی سەرژمێری دەکرێت. ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە.”

لە 20-11-2024 پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و 20 رۆژ دەخایێنێت. رۆژانی یەکه‌م و دووه‌می سەرژمێری، قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێندرێت، زانياريى گشتيى خێزانه‌كان وه‌رده‌گيرێت و رۆژانی دواتريش كارى سه‌رژمێرى به‌ وه‌رگرتنى زانياريى ورد له‌ خێزانه‌كان بەردەوام دەبێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button