کارنامەی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق چوار تەوەر لەگەڵ بەرپرس و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.
کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچە و بودجە، پرۆسەی سەرژمێریی و هەناردەکردنەوەی نەوت؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی دەبن.
بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکە، داوی تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و دواتر لە پیرمام چاوی بە سەرۆک بارزانی دەکەوێت.
هەر لە هەولێر، سەرۆک وەزیران سوودانی بەجیا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی هەر یەکە لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێست و پێکهاتەکان کۆدەبێتەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سوودانی دەچێتە سلێمانی؛ لەوێ بەجیا لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
ئەمە چوارەمین سەردانی سوودانییە بۆ هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
k24