دادگای لێکۆڵینەوەی بەغدا زانیاریی نوێ لەسەر كارگە هۆشبەرەكەی سلێمانی ئاشكرا دەکات
دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی بەغدای ڕەسافە ڕایگەیاند، کە لە ماوەی نێوان سەرەتای کانوونی دووەمی 2024 تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی 2024، زیاتر لە یەک تۆن هۆشبەرەكان دەستیان بەسەردا گیراوە.
راشیگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام دراون.
دادوەر وەلید ئیبراهیم، کە لێکۆڵەری تایبەتە بە کەیسەکانی هۆشبەرەکان لە ڕەسافە، ڕایگەیاند کە 75 بڕیاری لەسێدارەدان دەرچووە کە لەوانە 6 بیانی هەن، هەروەها 20 بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی دەرچووە.
هەروەها بڕی ماددە هۆشبەرە دەستبەسەرداگیراوەکان بریتی بووە لە 229 کیلۆ و 120 گرام کریستاڵ، 843 کیلۆ و 264 گرام کەپتاگۆن، زیاتر لە 51 کیلۆ حەشیش و 100 گرام دەرمانی کارتێکەر لەسەر دەماخ.
بەپێی راپۆرتێكی (ئەلجبال)، ئیبراهیم باسی لەوەش کردووە، کە شەش کەس دەستگیر کراون و ڕەوانەی دادگای تاوانی ناوەندی کراون و حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمە دوای ئەوە هاتووە، کە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیركردنی یەکێک لە بازرگان و قاچاخچییەکانی هۆشبەرەكان ئەنجام درا.
زانیاری هەبوو لەسەر ڕێککەوتنێك بۆ گواستنەوەی نزیکەی 30 کیلۆگرام لە کریستاڵی هۆشبەر لە پارێزگای سلێمانییەوە بۆ پارێزگای بەسڕە.
سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنێکی دیكە، کە لە ئەمساڵدا ڕووی داوە، ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە تیمێکی ئەمنی ڕاسپێردراوە بۆ دەستگیرکردنی یەکێک لە بازرگانەکان، کە لە ساڵی 2002 لەدایک بووە.
ئەو کەسە نزیکەی 57 کیلۆگرام و 230 گرام حەپی کەپتاگۆنی هۆشبەری وەرگرتووە. دەستگیرکردنەکە دوای دانانی بۆسەیەک بۆی ئەنجام درا، لە کاتی وەرگرتنی بڕەکە لە بازرگانە بیانییەکان. دواتر ڕەوانەی دادگای تاوانی ناوەندی لە ڕەسافە کرا و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی جۆرییەوە، زیاتر 151 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە، دوای ئەوەی زانیاری وەرگیرا سەبارەت بە بوونی کارگەیەک لە سلێمانی بۆ بەرهەمهێنانی حەپی کەپتاگۆن و ماددەی کریستاڵی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، كە لە ناوچەی باشووری دەریاچەی دەربەندیخان بەرهەمهاتووە.”
هەروەها ئاشكراشی كردووە کە “ئەم شوێنە لەڕاستیدا کارگەیەکی تایە بوو وەک ڕووکەشێکی سەرەکی، کە لەناوەوەیدا حەبی کەپتاگۆن و ماددەی کریستاڵ بەرهەم دەهێنرا، لەگەڵ تانکییەک بە قەبارەی 4 هەزار لیتر لە ماددەی ئەمفیتامین، کە ماددەی سەرەکییە لە دروستکردنی حەبەکاندا. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بارێکی 100 کیلۆگرام لەم حەبانە بۆ وڵاتانی کەنداو نێردراوە. دوای وەرگرتنی ڕەزامەندییە فەرمییەکان، کارگەکە دەستی بەسەردا گیرا”.
باسنیوز