حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی 12ـش ڕەوانەی بەغدا دەکات
زۆربەی وەزارەتەکان لیستی مووچەی مانگی 12ـیان ئامادە کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا بکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: “هەموو وەزارەتەکان لیستی مووچەی مانگی 12ـیان بۆ وەزارەتی دارایی هێناوە، دوای وردبینی بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیستەکە ڕەوانەی بەغدا بکرێت”.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت: لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراق و بەهۆی نزیکبوونەوەی داخستنی ژمێریاریی کۆتایی ساڵی 2024، زووتر لیست ئامادە کرا، هاوکات ناردنی لیستی مووچەی 12 بەهەمان شێوەی مانگی 11 بە سیدی و کاغەز دەنێرین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 کراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا تەنیا 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و بۆ دابەشکردنی مووچەکە بڕی 235 ملیار دیناریش کورتهێنان هەیە، وێڕای ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 26-11- 2024، لیستی مووچەی مانگی 11ـی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.