ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ تورکیا، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریا تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا “جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا.”
لەبارەی دۆخی سووریاش، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.”
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەوەشی خستووەتە ڕوو “لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق کرایەوە و هەردوولا هەوڵ دەدەن پێشهاتەکانی سووریا نەبێتە هۆی ناسەقامگیرییەکی دیکە لە ناوچەکەدا.”