رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ساڵێک بەسەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر مالی پێشڕەو دزەیی تێپەردەبێت

ئەمڕۆ ساڵیادی بۆردوومانکردنی ماڵەکەی پێشڕەو دزەییە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی خۆی، ژینای کچی، بازرگانێک و کارگوزارێک.

نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە،15-01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستان بوو؛ کردە ئامانج.
بەهۆی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران؛ پێشڕەو دزەیی، ژینەی کچی، بازرگانێکی عێراقی و کارگوزارێکی ماڵەکەی شەهید بوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی توندی نەرێنی لێکەوتەوە. حکومەتی عێراقیش هەر چەندە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لە دژی ئێران تۆمارکرد، بەڵام سکاڵاکەی بێ ئەنجام بوو.

هەر لەمبارەیەوە بەیانی رۆژی سێشەممە، 16/1/2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا بەشداربوو، لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر گوتی، “بە هێرشێکی بێپاساو و نامەردانە هەولێر دیسان کرایەوە ئامانج و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون. نابێت ئەم هێرشانە بێ وەڵام بمێننەوە.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هۆکاری هێرشەکانەوە گوتی، “ئەم دوژمنکارییە هیچ هۆکارێکی نییە و بێپاساوە. ئێمە سەرمان سوڕماوە، نازانین بۆچی ئێران هێرش دەکاتە سەر سڤیلی ئێمە بەتایبەت لە هەولێر. ئێمە رقمان بەرامبەر هیچکام لە دراوسێکانمان نییە بە تایبەت ئێران.”

لەبارەی هەڵوێستی عێراقەوە، مەسرور بارزانی رایگەیاند، حکومەتی عێراق سەرکۆنەی رووداوەکەی کردووە و ئەمڕۆ تیمێکی لێکۆڵینەوەی ناردووەتە هەولێر بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button