نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی

بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی کردووە و باسیان لە یەکڕیزی و چارەنووسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە پیرمام، “سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.”
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا “بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.”
لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە: “هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک و بە رێکاری ئاشتییانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و رێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و رێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.”