جیهانرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

دیدارە گرنگەکانی مەسرور بارزانی لە سێیەم ڕۆژی داڤۆس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی 1ی 2025، لە سێیەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین دیداری گرنگی هەبوو و لەسەر چەندین تەوەر گفتوگۆ كرا.
لە دیداری یەكەمدا لەگەڵ ئەسعەد ئەلشەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ بووەوە، تێیدا دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە دا کورد خوشک و برایانن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان، گوتیشی:”دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.”
وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی: “هیوادارین لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین.”
لە دیدارێكی دیكەدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ جان نۆوێل بارۆ، وەزیری ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کۆ بووەوە، تێیدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان کرد، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەڕەنسای لە گەلی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
لە دیداری سێیەمدا، مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەندرێ پلێنکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا کۆ بووەوە. لە دیدارەکەدا کە گۆردان رادمان، وەزیری دەرەوەی کرواتیا ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کرواتیا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.
جێی باسە ئەم دیدارانە لە میانی كۆبوونەوە و دیدارەكانی سێیەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس بەڕێوە چوون، كە تێیاندا باس لە پرسە هاوبەشە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كران.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button