رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی مووچە

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، تۆمەتبارکردنی بە دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕاست نییە، جەختیش دەکاتەوە کە مووچەی ئەم مانگەی هەموو فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا خەرج دەکرێت.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەكردووە، هۆکاری دواکەوتنی مووچە بۆ تەواونەبوونی بابەتی خانەنشینکردنی ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە تەمەنیان 60 ساڵی تێپەڕاندووە، هاوکات تائێستا لیستی ناوی ئەوانەی دوو مووچە بەگوێرەی یاساکانی کوردستان وەردەگرن لەگەڵ لیستی ئەوانەی مووچەکانیان بەبانکی کراوە، لەلایەن هەولێرەوە بۆیان نەنێردراوە.

وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیاییش دەدات کە بەردەوامە لە خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگەی هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت.

خاڵە سەرەکییەکانی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق:

– زیاتر لە ساڵێکە دەمانەوێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکەین، بەشێوەیەکی پیشەییش مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەین.

– تائێستا هەرێمی کوردستان داتاکانی تایبەت بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە هەموو بانکەکان ڕادەستنەکردووین، هۆکاری دواکەوتنی مووچەش ئەوەیە بەهاوکاری هەرێم بەردەوامین لە وردبینکردن لە ناوی ئەوانەی بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، خانەنشین دەبن و ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزار کەسە.

– هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگەی جیاکردووەتەوە و لە پشکی خۆی مووچەیان پێدەدات ئەوەش هۆکاری کورتهێنانی مووچەیە، پێویست بوو ئەوان مووچەکانیان لە وەزارەتی بەرگریی وەربگرن کە دوو ساڵە تەرخانکردن و ژمارەی هێزەکانیان لە وەزارەتی بەرگریی تۆمارکراون.

– بەبانکیکردنی مووچە بابەتێکی بنەڕەتییە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، نەک پشت بەستن بە لیستی کاغەز بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگانەی دەستبەجێ و لەکاتی خۆیدا.

– تائێستا تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو ئامادەنەکراوە، بەهۆی بوونی ئەو هەڵانەی لەلایەن ئەوان (وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان)ەوە کراوە و ئێستا لەگەڵیاندا بۆ ڕاستکردنەوەیان کار دەکەین، مەرجی ناردنی مووچەی هەر مانگێکیش، تەواوکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشخۆیەتی.

– لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ بەردەوامین، ئەم مانگەش تائێستا کۆتایی نەهاتووە.

ئەم ڕاگەیێنراوەی وەزارەتی دارایی لەکاتێکدایە کە دوێنێ ڕێباز حەملان، بریکاری وەزیری دارایی عێراق سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی مووچە پێگەیاندووە. 

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button