ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام هیچ زیانێک بە کێڵگەکە و کۆمپانیای دانە گاز نەگەیشتووە.
یەکشەممە 2ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 7:05ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، هێرشێكی درۆنی كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر، بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە كێڵگەکە و کۆمپانیای دانە گاز بگەیەنرێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تا ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکەش دەكرێت.
هەروەها لە 26ـی نیسانی ساڵی ڕابردووش، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. هەر بەو هۆیەوە، 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەوە.