ئابووریرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستهەواڵ

دوو دزی سەدە رادەستی عێراق کرانەوە

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگەیاند: دوو تۆمەتباری دۆسیەی دزیی سەدە لە کویەت دەستگیر کران و، لەلایەن وڵاتەکەوە ڕادەستی عێراق کرانەوە.

هەینی 8ـی ئاداری 2025، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەوڵە نیشتمانییەکان بووە هۆی ئەوەی عێراق، دوو تۆمەتباری دۆسیەی دزیی سەدە لە دەسەڵاتدارانی وڵاتی کوەیت وەربگرێتەوە و بیانگەڕێنێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوو کەسەکە یەکێکیان بەڕێوەبەری کارگێڕیی یەکێک لە کۆمپانیا تایبەتەکان بۆ بازرگانی و گرێبەستی گشتی سنووردار بووە، ئەوەی دیکەیان بریکاری بووە، هەردووکیان تۆمەتبارن لە دۆسیەی دزینی داهاتی باجی وڵات.

دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردەوە، ڕێکارەکانی دۆزینەوە و گەڕانەوەی تۆمەتباران، بەم شێوەیە بوو؛ سەرەتا فایلی تۆمەتبارەکان ڕادەستی داواکاری گشتیی کرا و دوای بەدواداچوون و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەنێویشیاندا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ و هەوڵەکانی باڵیۆزخانەی عێراق لە کویەت، هەڵمەتی گەڕان بە دوای تۆمەتباران لە کوەیت دەستی پێکرد و دەستگیر کران.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، گوتی: دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ، پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکان دەرکردبوو، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (11/444) لە یاسای سزادان، دوای پێداچوونەوە بە وتەی بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەکە و شایەتحاڵەکان.

دزیی سەدە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لەو پارانەی بەناوی سپاردەی باجەکانەوە لە بانک دانراوە، لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، بردراوە؛ بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن و سەرەتای ئەم مانگە دەستەی دەستپاکیی عێراق ناوی ژمارەیەک تۆمەتبار و بڕی ئەو پارەیەی بردوویانە، ئاشکرا کرد، کە نزیکەی شەش تریلیۆن و 500 ملیار دینارە

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button