د. شاخەوان عەبدوڵڵا لەسەر مووچەی فەرمانبەران دێتە دەنگ

د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر مووچەی فەرمانبەران دێتە دەنگ و ڕایدەگەیێنێت: ئەوەی دژی فەرمانبەران دەکرێت، قبووڵکراو نییە.
لەکاتێکدا کە هەولێر و بەغدا بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 ڕێککەوتنیان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی شووبات نەنێردراوە.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ناکرێت تەیف سامی بە تاکلایەنە مامەڵە بکات و پێویستە ڕوون بکرێتەوە کێ لە پشت ئازاردانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئەمە قبووڵکراو نییە.
– هەموو جارێک تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە کۆتایی مانگدا بیانوو دەدۆزێتەوە بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران.
-هەندیک کەس لە بەغدا لەسەر گەندەڵی دەرکراون و شکستیان خواردووە، کەچی لە میدیا شەرعییەت بە کارەکانی تەیف سامی دەدەن.
-پێویستە محەممەد شیاع سوودانی ڕوون بێت لەگەڵمان، چونکە چەند جارێکی گوتوویەتی مووچە دەنێرم.
– نووسراوێکمان ئاڕاستەی وەزیری دارایی کردووە کە نابێت زانیاریی فەرمانبەر بڵاوبکرێتەوە، زانیاریی فەرمانبەر تەنها دەبێت لەنێوان خۆی و بانکەکە بێت.
– ئەو زانیارییانەی لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دواکراون، لە من داوا نەکراوە کە مووچەخۆری عێراقم، ئەمە بۆ دواخستنی پڕۆسەی خەرجکردنی پارەیە.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەوەی تەیف سامی دەیكات كە تەنیا ئەو نییە، بەڵكو سیاسەتێكە دژی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردسنان، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەم شێوەیە بەردەوام نابێت، چونكە نە پەرلەمانتارانی كورد نە سیاسییەكانی كورد ئەمە قبووڵ ناكەن.