کشتوکاڵی هەولێر دڵنیای دەداتە خەڵک لە خواردنی جۆرە گۆشتێک

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، دڵنیایی تەواو دەدەین بە هاووڵاتییانی کوردستان، بەرهەمی پەلەوەرییەکانی ناوخۆ زۆر باشن و لە ڕووی نرخیشەوە هەرزان و گونجاوە، بۆیە داوایان لێ دەکەین مریشک بکڕن.
ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ڕایگەیاند “هۆکاری قەدەغە کردنی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان، بۆ حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەویش حکوومەتی عێراق هەوڵی زیاد کردنی کێڵگە لەوەرییەکان دەدات.”
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ دەڵێت: جگە لە زیادبوونی کێڵگەکان، ئێستا کاتی پێگەیشتنی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکانی خوارو ناوەڕاستی عێراقە.
دەشڵێت: کوالێتی کێڵگەکان و بەرهەمهێنانی مریشک لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە، بۆیە بەردەوام ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بیانویی جۆراو جۆر و بێبنەما دەدۆزێتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، بەدواداچوون و گفتگۆ بۆ ئەو گرفتە ماوەیەکی زۆرە هەیە، بەڵام بە داخەوە حکوومەتی عێراق وەکو پێویست نایەتە ژێربار، هەندێکجار حکوومەتی عێراق بابەتی وا دروست دەکات کە هەر بوونی نییە، زۆرجار بە بیانووی نەخۆشی پەلەوەر کە لە کوردستان ئەو جۆرە نەخۆشیانە نییە.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی عێراق بە ملیارها دۆلار دەدات بە مریشیکی هاوردە، بەڵام پێی غەدرە مریشکی کوردستان هاوردە بکات کە بەرهەمی ناوخۆی وڵاتە، حکوومەتی عێراق بەتەواوی خەریکی جیاکاری پارێزگاکانە بەتایبەت هەرێمی کوردستان، کە چاوی بە گەشەکردنەکەی هەڵنایەت.
سەبارەت بە نەخۆشیش، ئێمە دڵنیایی تەواو دەدەین بە هاووڵاتییانی خۆمان، بەرهەمی پەلەوەرییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر باشن و لە ڕووی نرخیشەوە هەرزان و گونجاوە، هەرچەندە نرخەکەی لە بەرژەوەندی خاوەن کێڵگەکاندا نییە. هەروەها نرخی یەک کیلۆ مریشکیش بە دوو هەزار 400 بۆ 500 دینارە.
هێمن سەید موراد، ڕاشیگەیاند “ئێمە ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەین، لە جیاتی ئەوە گۆشتی سوور بکڕن، ڕوو لە خواردنی مریشیکی خۆمان بکەن، کە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.”