هەڵگرتنی سزاکانی واشنتن لەسەر سووریا گەیشت بە کوێ؟

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لەکاتی سەردانەکەی بۆ سعوودیە، سزاکانی سەر سووریای هەڵوەشاندنەوە، واشنتن ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستی بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بڕیارەکە کرد. دەرکردنی لێخۆشبوون لە سزاکان وەک ڕێکارێکی یاسایی سەرەتایی ڕاگەیاند.
بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند “ئیدارەی ئەمەریکا بەنیازە لە چەند هەفتەی داهاتوودا مۆڵەتی گشتی دەربکات، بە ئامانجی فراوانکردنی ئابووریی سووریا و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە، ئەم مۆڵەتانەش بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی سزاکان بە تەواوی هەڵدەگیرێن.”
سێ بەرپرسی ئەمەریکایی ئەوەیان بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرا کردووە “ئیدارەی ئەمەریکا لە ئێستاوە دەستی کردووە بە پێداچوونەوەی تەکنیکی بۆ ئەو سزایانەی کە بەسەر دیمەشقدا سەپێنرابوون، وەک ئامادەکارییەک سەرەتا سزاکان سووک دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە بەنیازە سنووردارکردنی هەناردەکردنەکان بۆ سووریا هەڵبگرێت، ئەمەش بۆ پشتیوانیکردنە لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووری.”
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند “واشنتن وەک ڕێکارێکی یاسایی سەرەتایی لیخۆشبوون لە سزاکان دەکات”، جەختیشی کردەوە “هەڵوەشاندنەوەی یاسای تایبەت بە سزاکان پێویستی بە پێشکەوتنی زیاترە.”
لە هەفتەی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەگەشتێک چووە سعوودیە، قەتەر و ئیمارات، لە سعوودیە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شازادەی جێنیشین، محەممەد بن سەلمان ڕایگەیاند، سزاکانی سەر سووریای هەڵگرت و گوتی: کاتی ئەوە هاتووە سووریا جارێکی دیکە بدرەوشێتەوە.