چوار کەس بە تاوانی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ داعش دەستگیرکران

چوار کەس بە “تاوان”ـی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ داعش لە بەریتانیا زیندانیکران و بەشێکیان کوردن .
چوار پیاوەکە تاوانبارن بە بەکارهێنانی گرووپێکی وەتسئەپ بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ داعش و کۆکردنەوەی پارە بۆ رێکخراوە پەڕگیرە قەدەخەکراوەکە کە لە بەریتانیا بە “تیرۆریست” پۆلێنکراوە.
پۆلیسی دژە تیرۆری وێست میدڵاندز لە ماڵپەڕی خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لەوانە ناوی محەممەد حەمەدە و هەفتەی رابردوو لە دادگەی شاهانەی لیڤەرپووڵ، دانی بە دوو تاوانی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی “تیرۆر”دا نا. تاوانبارەکە ئاداری پار لە لیڤەرپووڵ دەستگیرکرا، تەمەنی 30 ساڵە و ئەمڕۆ سزای چوار ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
بە گوێرەی میدیای بەریتانی، محەممەد حەمەد کوردە، لە ساڵی 2016 بە نایاسایی لە هەرێمی کوردستانەوە چووەتە بەریتانیا. پێش ئەوەی بزانرێت ئەندامی داعش و دەستگیر بکرێت، بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتیی پێ بدەن، بە دامودەزگە ئەمنییەکانی بەریتانیای راگەیاندبوو، لەبەر ئەوەی لە لای مەلا شوان، ئەندامی داعش، وانەی قورئانخوێندنی وەرگرتووە، لە لایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە داواکراوە و ئەگەر بڕواتەوە دەستگیر دەکرێت.
مەلا شوان سەرکردەیەکی کوردی داعش بوو کە لە ساڵی 2015 کوژرا.
محەممەد حەمەد دوای ئەوە گرووپێکی وەتسئەپی دروستکردبوو و تێیدا ڤیدیۆ و نامەی داعشی بڵاودەکردنەوە، بۆ ئەوەی خەڵک بانگێشتی نێو ریزەکانی داعش بکات و پارەی بۆ کۆبکاتەوە.
بە دەرکردنی سزا بۆ ئەو کەسە، دۆسیەکە تەواو بوو و دادگە بڕیاریدا زانیاریی سێ تاوانباری دیکەش ئاشکرا بکات کە لە هەمان دۆسیەدا پێشتر سزایان بۆ دەرکرابوو و ئەندامی هەمان گرووپی وەتسئەپ بوون.
یەکێکی دیکە ناوی رۆشمان ئازاد والی سەعید، تەمەنی 30 ساڵ و دانیشتووی بێرمینگهامە. رۆشمان شەش تاوانی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی “تیرۆر” و کۆکردنەوەی پارەی بۆ “تیرۆر” بەسەردا ساخبوونەتەوە و نیسانی پار، لە دادگەی شاهانەی بێرمینگهام سزای 12 ساڵ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
تیشکۆ ئەحمەد محەممەد، تەمەنی 33 ساڵ و دانیشتووی وێست برۆمیجە، ئەویش تاوانی کۆکردنەوەی پارە بۆ “تیرۆر”ی بەسەردا ساخبووەتەوە و حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بڕێندراوەتەوە.
پۆلیسی دژە تیرۆری وێست میدڵاندز ئاماژە بەوە دەکات، سەرەداوی هەموو ئەوانە دوای ئەوە دەستکەوتووە کە کەسێکیان لە نیسانی ساڵی 2023 بە ناوی عومەر حوسێن ئەحمەدی لە فڕۆکەخانەی ستانستێد دەستگیرکرد.
عومەر حوسێن بە 7 هەزار پاوندەوە دەستگیرکرا کە لە قوتووی شیری منداڵاندا شاردبوویەوە. هەر ئەوکاتە دەست بەسەر مۆبایلی ئەو کەسەدا گیرا و گرووپ چاتەکە ئاشکرا بوو.
عومەر کە تەمەنی 24 ساڵە و دانیشتووی شاری شەیفیڵدە، سزای 5 ساڵ و 7 مانگ بەندکردنی بۆ دەرکرا دوای ئەوەی کانوونی یەکەمی پار لە دادگەی شاهانەی بێرمینگهام دانی بە تێوەگلان لە پارەدارکردنی تیرۆردا نا.
هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا لە گەڕان و پشکنینەکانیاندا، دەستیان بە زیاتر لە چوار هەزار پاوەند، زیاتر لە 30 سیمکارت و نزیکەی 15 مۆبایلدا گرتووە.