“ئەمریکا پەشیمان دەکەینەوە”

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دەستوەردانی ئەمریکا لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، قەیرانی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە و پێویستە ئەمریکییەکان بزانن، زیانمەندی سەرەکی ئەوان دەبن و باجەکەشی دەدەن.
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، ئێستا ئێران لە یەک کاتدا دژی ئەمریکا و ئیسرائیل شەڕ دەکات؛ ئەوەش بە گوتەی ئەو، شکستی ئیسرائیل لە شەڕەکەدا پێشان دەدات.
رەزایی گوتی، “لە 13ی حوزەیرانەوە، ئێمە لە جەنگداین دژی ئەمریکا و ئیسرائیل. تائێستا لەگەڵ هێزە بە وەکالەتەکانی ئەمریکا بە کەرەستەی ئەمریکی شەڕمان کردووە. ئەمڕۆ تەنیا فڕۆکەوانەکە گۆڕاوە. ئەو فڕۆکەوانەی دوێنێ ئیسرائیلی بوو، ئێستا ئەمریکییە.”
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران گوتیشی، “ئێستا ئاسمانی تەل ئەڤیڤ و حەیفا لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و ئێمە دیاریی دەکەین دانیشتووانەکانیان کەی بچنە پەناگەکان و کەی بێنە دەرەوە.”
رەزایی پێیوایە، دەستوەردانی ئەمریکا لە جەنگەکە، قەیرانی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە و دەڵێت، “بێگومان ئەمریکییەکان یەکەم و زۆرترین زیانمەند دەبن و باجەکەشی دەدەن.”
بە ئاماژەدان بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، رەزایی رایگەیاند، “پێشتر پێشبینیی رۆژێکی وەهامان کردبوو. دەمانزانی ئیرەیی و دووژمنکاریی ئەمریکا و زایۆنیەکان، رەنگە رۆژێک ببێتە هۆی ئەوەی هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان. من خۆم سەردانی ئەو دامەزراوانەم کردووە. لە فۆردۆ قەڵابەندییەکی وەهامان هەیە کە فڕۆکەی بی-تووی ئەمریکی ناتوانێت بەسەریاندا زاڵ ببێت. ئەم بۆمبە حەشارشكێنە و ئەو شتانەی باسی دەکەن، فروفیشاڵە.”
ئەو پێیوایە، “ئەمریکییەکان بەم هێرشە نیشانیان دا کە دیپلۆماسی جگە لە سەرابێک هیچی دیکە نییە.”
بە گوتەی ئیبراهیم رەزایی، ئەوە ئێرانە کۆتایی جەنگەکە دیاری دەکات و دەڵێت، “کۆتاییەکەیشی کاتێک دەبێت کە ئیسرائیل سزا درابێت؛ سزایەک کە هێزی رێگریکاریمان (بەرگریکاری) بۆ دروست بکات. دەبێت دڵنیا ببینەوە کە دووژمنەکانمان چیدیکە بوێریی ئەوەیان نەبێت هێرش بکەنە سەر ئێران. ئەو رۆژە، رۆژی کۆتاییهاتنی شەڕەکە دەبێت.”
قسەکانی گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانیی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، جەنگی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11یەمین رۆژەوە.
لە بەرەبەیانی 13ی حوزەیرانەوە شەری نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
هەروەها بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئەمریکا لەژێر ناونیشانی “ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو” هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فوردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، کە سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمیی ئێرانن.