گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: وڵاتانی دراوسێ بەڵێنیان پێداوین

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بڕیارێکی پەرلەمانییە و حکوومەت پێیەوە پابەندە. گوتیشی، دەستپێکردنەوەی ئەم هاوکارییە مەرجدارە بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم مافی ئەوەی نییە چاوەڕوانی هاوکاری لە ئێران بکات ، چونکە خۆی لە ئیدانەکردنی هێرشی سەر دامەزراوە ناوەکییەکانمان بەدوور گرت و تەنانەت پاساوی بۆ هێرشکەران هێناوە.
سەبارەت بە سوود وەرگرتن لە ئاسمانی وڵاتانی دراوسێ لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەقایی گوتی: هەموو وڵاتانی دراوسێ ڕەتیان کردووەتەوە ئیسرائیل، خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان دژی ئێران بەکار بهێنێت. ئەوان بەبێ جیاوازی، دڵنیایان کردووین کە ڕێگە نادەن ئیسرائیل خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان بەکاربهێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشکردنە سەر ئێران.
ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی دراوسێ ڕوونیان کردووەتەوە “هەموویان ڕایانگەیاندووە مۆڵەتی لەو شێوەیەیان بە ئیسرائیل نەداوە و لە داهاتووشدا نایدەن، چ لەبەر پابەندبوون بە سیاسەتی دراوسێیەتی بێت، یان لەبەر ڕێزگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.”