
بەبەشداریی وەزیرەکانی پارتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوە دایە و چاوەڕێ دەکرێت یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بڕیاردان بێت لەسەر مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
دوای گفتوگۆ و دانوستانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێککەوتن لەسەر بەشێکی سەرەکی لە وردەکارییەکان، چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن تا بڕیار لە ناردنی مووچە بدات، هەر بەوهۆکارە و دوای مانگێک لە بایکۆتی دانیشتنەکانیش، وەزیرەکانی پارتی لەکۆبوونەەی ئەمڕۆی حکومەتدا بەشدارییان کردووە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، بەسەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە.
سەرچاوەیەک رایگەیاند، هەرچەندە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا بابەتی مووچە نەهاتووە، بەڵام دەکرێت لەسەر پێشنیازی وەزیرەکان ئەم بابەتەش بۆ کۆبوونەوەکە زیاد بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، چاوەڕێش دەکرێت کۆبوونەوەکە لەبارەی مووچەوە “ئەنجامی باشی هەبێت”.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: شاندی هەرێمی کوردستان شەوی ڕابردوو گەڕاوەتەوە هەولێر و ڕێککەوتنێک کراوە کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا باس بکرێت، هاوکات پێشبینی دەکرێت هەر ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیە دا بڕیار لە تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی پێنج بدرێت