رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست

هەوڵێکی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان بەرێگایەکی سەیر، پووچەڵکراوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، هێزە چەکدارەکانی ئوردن ڕایگەیاند، هەوڵێکیان پووچەڵ کردووەتەوە بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە سنووری ڕۆژهەڵات بە بەکارهێنانی باڵۆنەوە کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ کرابوو.

سەرچاوەیەکی سەربازیی بەرپرس لە ئوردن ڕایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، کۆمەڵێک باڵۆنیان لە سنووری وڵاتەکەیان بینیوە و خستوویانەتە خوارەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پشکنینی باڵۆنەکان دەرکەوتووە ماددەی هۆشبەریان تێیدا هەڵگیراوە، هەروەها دەستیان بەسەردا گیراوە گواستراونەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

جەختیشی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئوردن بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی هەموو توانا سەربازی و تەکنەلۆجییەکان بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، کۆمەڵێک قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان لە سنووری سووریا-ئوردن، ڕووبەڕووی پاسەوانانی سنووری ئوردن بوونەوە، لەئەنجامدا قاچاخچییەکی ماددەی هۆشبەر کوژرا.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سەربازی ئوردنی، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا ئەفسەرێکی پاسەوانی سنووریش برینداربووە، کە بە فڕۆکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و باری تەندروستی جێگیرە. 

ئوردن هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دزەکردن و هەوڵەکانی قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەتی حەبی کەپتاگۆن لە سنوورەکانی سووریا چڕتر کردووەتەوە، تۆڕەکانی قاچاخچێتی شێوازی ئاڵۆزی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و باڵۆن بەکاردەهێنن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button