”هێرشکارەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەناسین”

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە، پێویستە هەردوو حکومەت بگەڕێنەوە بۆ دەستوور؛ لەبارەی هێرشە درۆنییەکانیشەوە دەڵێت: ”هێرشکارەکان دەناسین و دەزانین درۆنەکانیش لە کوێ دروستکراون.”
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-08-2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی رێوڕەسمی 11ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کە لە دهۆک بەڕێوەچوو رایگەیاند، ”بەهۆی گۆڕانکاریی دیموگرافییەوە، سەرجەم پێکهاتەکان لە شنگال لەژێر مەترسیی گەورەدان.”
رێبەر ئەحمەد داوا دەکات، ‘کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی “سنوورێک بۆ گۆڕانکارییە دیموگرافییەکان دابنێن، کاتێک دەڵێین رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و خەڵک بگەڕێتەوە زێدی خۆی، مەبەستمان رێگریکردنە لەو گۆڕانکارییانە.”
پێنج ساڵ دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020، رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد. وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ”بەداخەوە رێککەوتنەکەی شنگال بەهۆی کەمتەرخەمیی حکومەتی فیدراڵییەوە جێبەجێنەکراوە.”
رێککەوتنەکە دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەزاکە، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی، هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، لەخۆدەگرێت.
رێبەر ئەحمەد گوتی: ”ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندین بەو رێککەوتنە، بەڵام بەداخەوە هەندێک بۆچوون هەن کە حەز ناکەن ئاوەدانی و سەقامگیری بگەڕێتەوە شنگال و حەز ناکەن شنگال بۆ شنگالییەکان بێت، بۆیە هێشتا ژمارەیەک گرووپی چەکداری دەرەوەی یاسا لەوێ جێگیرن.”
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ”پێویستە حکومەتی فیدراڵی ئەرکی خۆی لە رێککەوتنی شنگالدا جێبەجێ بکات و ئەو گرووپە چەکدارانە لە ناوچەکە بکاتە دەرەوە.”
”دەبێ بۆ کێشەی مووچە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور”
لەکاتێکدا سێ رۆژ لە مانگی ئاب تێپەڕێوە، هێشتا بەغدا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە. رێبەر ئەحمەد لەو بارەیەوە گوتی، ”لەنێوان ئێمە و حکومەتی فیدراڵی دەستوور هەیە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و یاساکان جێبەجێ بکرێن. دەبێ مافی مووچەخۆران دەستەبەر بکرێت و کۆتایی بە سیاسەتی دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان بهێنرێت.”
لە دوایین رێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و نەوت کە 17ـی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندکراوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق مووچە بنێرێت.
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، ‘هیچ شتێک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە و ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە. پیویستە حکومەتی فیدراڵیش چیدیکە بیانوو نەهێنێتەوە و مووچەی خەڵک بنێرێت.
بەگوتەی رێبەر ئەحمەد، ئەو رێککەوتنەی کە بۆ پرسی مووچە و نەوت کراوە، هەندێک بابەتی لە دەرەوەی یاسا و دەستوور تێدایە، ”بەڵام بۆ ئەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران پەسندیان کرد.”
هەردوو لیستی مووچەی مانگەکانی 6 و 7ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر وادەی ناردنی مووچە بەردەست نییە.
”هێرشکارەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەناسین”
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی تەممووزدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوەش توانای بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە.
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکان گوتی، ”لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە و لە کارەکانی بەردەوامە، بۆ ئەوەی روونبکرێتەوە ئەو درۆنانە سەر بە کامە گرووپن.”
رێبەر ئەحمەد گوتیشی، ”بۆ ئێمە و دامەزراوە حکومییەکانی حکومەتی فیدراڵی دیارە کە ئەو گرووپ و لایەنانە کێن کە لەم جۆرە درۆنانەیان هەیە و پێشتریش ئاراستەی هەرێمی کوردستانیان کردووە.”
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ”تەنانەت ئێمە دەزانین درۆنەکان لە کوێ دروستکراون، چۆن ئاراستەکراون و ئامانجەکانیان چی بوون.”
سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رێبەر ئەحمەد گوتی: “چاوەڕوانین لیژنە هاوبەشەکە بگاتە راپۆرتێکی دادپەروەرانە و ئەنجامەکەی رابگەیێنێت، دوای ئەو قۆناخە، پێویستە ئەو لایەن و کەسانەی کە لەپشت هێرشەکان بوون، سزا بدرێن.”
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.