رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگهەواڵ

یەکەم کاروانی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا دەستیپێکرد

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە، دەستپێکردنی یەکەم قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراقەوە بە ئاراستەی خاکی سوریا ڕاگەیاند.

بەغدا و واشنتن لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی وادەیەکی فەرمی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە وڵاتەکەدا.

 بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی، یەکەم کاروانی سەربازیی ئەمریکا کە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی بەجێهێشتووە، لە چەندین بارهەڵگر پێکهاتبوو، پێشبینیش دەکرێت یەکەم وێستگەی کاروانەکە بەرەو خاکی سوریا بێت.

 قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە لە مانگی ئەیلوولی   2025 ـەوە دەستپێدەکات و بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و بارەگای نێردەی هاوپەیمانان لە بەغدا، بەشێک لە هێز و کەرەستە سەربازییەکان دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر و بەشەکەی دیکەش بۆ وڵاتی کوێت.

قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، کشانەوەی سەربازیی تەواوەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت کە لە مانگی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات و ژمارەی هێزەکانی هاوپەیمانان کە پێشتر نزیکەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژکار بوو، بەشێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ کەمتر لە 500 کەس کەمدەکرێتەوە و لە هەولێر جێگیر دەکرێن.

  بنکەی عەین ئەسەد لە دوای بنکەی بەلەد بە دووەم گەورەترین بنکەی ئاسمانی لە عێراقدا دادەنرێت  و وەک بارەگای سەرەکیی فیرقەی حەوتی سوپای ئەمریکا کار دەکات، بنکەکە دەکەوێتە ناحیەی بەغدادیی سەر بە پارێزگای ئەنبار.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button