مەسرور بارزانی تووشبووانی تالاسیمیا دەنێردرێت بۆ دەرەوەی وڵات

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە ناردنی تووشبووانی نەخۆشیی تالاسیمیا بۆ وڵاتی تورکیا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست و ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێککەوتی 19ـی 8ـی 2025، یەکەم کاروانی تووشبووان کە پێکهاتبوون لە هەشت نەخۆش و هەشت بەخشەر، ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کران.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “لەم قۆناغەدا کۆی گشتیی ئەو نەخۆشانەی ڕەوانە دەکرێن 140 کەسە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.”
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە تێچووی چارەسەرەکەش کرد و وتی: “تێچووی هەر نەشتەرگەرییەک لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر تووشبووەکە بەخشەری هەبێت، تێچووەکەی 75 ملیۆن دینارە، ئەگەریش بەخشەری نەبێت، 95 ملیۆن دینار تێچووی دەبێت.”
ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوا و دەرفەتێکی نوێ بە نەخۆشانی تالاسیمیا دەبەخشێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری بنەڕەتی و باشترکردنی دۆخی تەندروستییان.