هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆتایی به ئه‌ركه‌كه‌ی هێنرا

هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به وه‌كاله‌ت ئه‌ركه‌كه‌ی كۆتایی پێ ده‌هێنرێت؛ هاوكات كه‌سێكی دیكه له شوێنه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
دووشه‌ممه، 25ـی ئابی 2025، باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (ئێكس) بڵاوی كرده‌وه، ستیڤن ڤه‌یگن، هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به وه‌كاله‌ت كۆتایی به ئه‌ركه‌كه‌ی هاتووه. هه‌روه‌ها سوپاسی ڤهیگنی كردووه و ڕایگه‌یاندووه، ڕۆڵی به پێشخستن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی وه‌به‌رهێنانی ئه‌مه‌ریكی له عێراق هه‌بووه.
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی گوتووشیه‌تی، هاوكات له‌گه‌ڵ ئاماده‌كارییه‌كانی ڤه‌یگن بۆ به‌جێهێشتنی ئه‌ركه‌كه‌ی، پێشوازیی له جۆش هاریس ده‌كه‌ن، كه بڕیار وایه هه‌فته‌ی داهاتوو له شوێنی ڤه‌یگن ده‌ستبه‌كار بێت.
جۆش هاریس پێشتر چه‌ند پۆست و ئه‌ركێكی به‌ڕێوه بردووه، به‌تایبه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری سیاسه‌ته‌كانی نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری عێراق له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا بووه.
ستیڤن ڤه‌یگن ڕێكه‌وتی 29ـی ئایاری 2025، وه‌كوو هه‌ڵسووڕێنه‌ری كاره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به وه‌كاله‌ت ده‌ستبه‌كار بوو.