جیهانرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستهەواڵ

باڵیۆزی ئێران دەرکرا

ئوسترالیا باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەرکرد و تۆمەتباری کرد بەوەی لە پشت هێرشەکانی دژ بە جووەکان بووە لە مێلبۆرن و سیدنی. 

ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە ئوسترالیا باڵیۆزێک لە وڵاتەکەی دەربکات.

ئوسترالیا ئەحمەد سادقی، باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی وەک “کەسایەتییەکی نەخوازراو” ناساندووە و فەرمانی پێکردووە لەگەڵ سێ بەرپرسی دیکەدا لە ماوەی حەوت رۆژدا وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

هاوکات، ئوسترالیا باڵیۆزی خۆی لە ئێران کشاندەوە و کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران هەڵپەسارد.

ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، دەزگاکانی هەواڵگری گەیشتوونەتە ئەو “ئەنجامە زۆر نیگەرانکەرە” کە ئێران لانیکەم هانی دوو هێرشی دژ بە جووەکانی داوە.

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە پشت هێرشکردنە سەر خواردنگە و قاوەخانەیەکی جووەکان بووە کە لە تشرینی یەکەمی 2024 لە سیدنی کرایە ئامانج و ئاگری تێبەردرا. 

بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئوسترالیا، ئێران لە پشت هێرشەکەی کانوونی دووەمی سەر کەنیسەی “ئاداس ئیسرائیل”ـیش کە لە کانوونی دووەمی 2024 ئاگری تێبەردرا. 

لە هەردوو هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

ئەلبانیز لەبارەی هێرشەکانەوە گوتی: “ئەمانە کردەوەی دەستدرێژیی نائاسایی و مەترسیدار بوون، کە لەلایەن وڵاتێکی بیانییەوە لەسەر خاکی ئوسترالیا رێکخرابوون… هێرشەکان هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و چاندنی دووبەرەکی بوون لەنێو کۆمەڵگەکەماندا. ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.”

“تۆڕی بریکارەکان”

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند کە هەموو دیپلۆماتکارە ئوسترالییەکان “لە وڵاتی سێیەم سەلامەتن”.

هەروەها گوتی، ئوسترالیا یاسایەک دەردەکات بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا گوتی، ئەمە یەکەمجارە لە دوای جەنگەوە ئوسترالیا باڵیۆزێک دەربکات. وۆنگ ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هێڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران دەهێڵێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئوسترالییەکان.

مایکڵ بێرگس، بەرپرسی هەواڵگریی ئوسترالیا گوتی، لێکۆڵینەوەیەکی “وردی” هەواڵگری پەیوەندیی نێوان هێرشی دژە جووەکان و سوپای پاسدارانی ئێرانی ئاشکرا کردووە. 

بێرگس گوتی لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە سوپای پاسداران لانیکەم ئاڕاستەی دوو هێرش و پێدەچێت زیاتریشی کردبێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی جووەکان لە ئوسترالیا.

“ئاگریان خۆشکرد”

بەرپرسە هەواڵگرییەکە دەڵێت، سوپای پاسداران تۆڕێکی ئاڵۆزی لە بریکارەکان بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی دەستوەردانی لە هێرشەکاندا.

دانیال ئاگیۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری جووەکانی ئوسترالیا دەڵێت، رەنگە کۆمەڵگەی جووەکان بەم لێکۆڵینەوەیە هەست بە ئارامی بکەن و گوتیشی، “بەڵام نیگەرانییەکی گەورە دروست دەبێت کە ئێمە بە شێوەیەکی وا دڵڕەقانە و پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن هێزێکی بیانیی تووندوتیژەوە کراوینەتە ئامانج، تەنیا لەبەرئەوەی کێین.”

“هەنگاوێکی گرنگ”

باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئوسترالیا پێشوازیی لە بڕیارەکەی حکومەت کرد بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی.

لە راگەیێندراوێکدا باڵیۆزخانەکە دەڵێت: “ئەمە هەنگاوێکە کە ماوەیەکی زۆرە داوای دەکەین. رژێمی ئێران تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر جووەکان یان ئیسرائیل، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی جیهانی ئازاد، بە ئوسترالیاشەوە. ئەمە هەنگاوێکی بەهێز و گرنگە.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button