رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستهەواڵ

“بەشی 180 رۆژ دەرمانمان هەیە”

سەرۆکی کۆمەڵی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت، 80%ی دەرمانخانەکانی وڵاتەکە لە لێواری مایەپووچبووندان.

رۆژی سێشەممە 26ی ئابی 2025 شەهرام کەلانتەری، سەرۆکی کۆمەڵی دەرمانسازانی ئێران رایگەیاند، “لە نەورۆزی ئەم ساڵەوە هیچ پارەیەکمان لە بیمە وەرنەگرتووە جگە لە بیمەی تەندروستی، کە تەنیا قەرزی یەک مانگی داوەتەوە.”

سەرۆکی کۆمەڵی دەرمانسازانی ئێران گوتی، “بیمەی تەندروستی 10 تریلیۆن، بیمەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی 15 تریلیۆن و پڕۆژەی دارویاریش لە تەممووزەوە 9 تریلیۆن تمەن قەرزداری ئێمەن.”

کەلانتەری ئاماژەی بەوەش کرد، “لە پارەوە 25%ی قەرزی دەرمانخانە تایبەتەکانی وڵات زیاد بووە و 80%ی دەرمانخانەکان لە لێواری مایەپووچبووندان.”

وەکو کەلانتەری دەڵێت، “فرۆشتنی دەرمان لە ئێران بە قەرزە و سەرچاوە داراییەکان لە کاتی خۆیدا دابین ناکرێت، لە ئەنجامدا تووشی کەمیی دەرمان هاتووین.”

بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵی دەرمانسازانی ئێران، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پیشەسازیی دەرمان تەنیا بەشی 170 بۆ 180 رۆژ دەرمانی هەیە و دوای ئەم ماوەیە، ئەگەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکان و پشتگوێخستنی نەختینەیی بەردەوام بێت، بەرهەمهێنان و دابەشکردنی دەرمان رووبەڕووی پەککەوتنی جیدی دەبێتەوە و نەخۆشەکان بە ئەستەم دەستیان بە دەرمانی پێویست دەگات.

پار بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی ئێران هۆشدارییان لە کەمیی بەشە بودجەی کەرتەکەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەم ساڵ دا و رایانگەیاندبوو، ئەگەری هەیە نرخی دەرمان بۆ 15 هێندە بەرز ببێتەوە.

لە ئێران جگە لەوەی نرخی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان وەک هەموو کەلوپەلەکانی دیکە بەرزبووەتەوە، دەرمانی بەشێک لە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و تالاسیمیاش لە دەرمانخانەکان بە زەحمەت دەست دەکەون.

ئێران لە ساڵی 2023دا بایی دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دەرمانی هاوردە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، بەشێکی پێداویستی ئەو وڵاتە و 40%ی کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان، لە رێگەی هاوردەوە دابین دەکرێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button