لە کەرکووک 194 کەس دەستگیر دەکرێن

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتیی هاووڵاتیی بیانی هەڵدەوەشێنێتەوە و 194 کەسی بیانی لە سنووری هەردوو پارێزگای دیالە و کەرکووک دەستگیر دەکات.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیالە، لەسەر ڕێگای نێوان دیالە و بەغدا دەستی بەسەر بارهەڵگرێکدا گرت کە بە کیسە چیمەنتۆ داپۆشرابوو و لەدیوی ژوورەوەشی 125 کەسی بیانی تێدابوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری عێراقییان بەزاندبوو.
دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ قاچاخچییەکان، دانیان بە بوونی حەشارگەیەکی هاووڵاتیانی بیانی لە پارێزگای کەرکووک نا، هێزەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، هەڵیانکوتایە سەر ئەو شوێنە و لە ئەنجامدا 69 کەسی بیانی دیکەیان دەستگیر کرد.
یاسر ئیسکەندەر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دیاردەی قاچاخچێتیی بیانییەکان ئاستەنگی ئەمنی مەترسیداری هەیە و پێویستی بە بەدواداچوونی تۆڕەکانی بەڕێوەبردنی ئەم کارانە هەیە



