
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 745 هەزار دینار. تەنیا لەم مانگەدا 50 هەزار دینار گرانبووە.
گرانبوونی ئۆنسەی زێڕ، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕە. ئەمڕۆ ئۆنسەیەک زێڕ لە 3700 دۆلار نزیکبووەوە و گەیشتە 3692 دۆلار.
رۆژی دووشەممەش نرخی زێڕ ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی تۆمارکردبوو، توانی 3686 دۆلار دەرباز بکات.
دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە نرخی زێڕ ئاستی مێژوویی نوێ تۆماربکات.
ئێستا ئۆنسەیەک زێر بە نزیکەی 3680 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم)، لەو بارەیەوە رایگەیاند: “بازرگانان گرەویان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی کردووە. هەستی بازرگانان بۆ کڕینی زێڕ زۆر بەهێزە.”
ئەو شارەزایە دەڵێت: “بازرگانان پێشبینی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن و ئەگەر بانکی ناوەندی بە ئاراستەی ئەو پێشبینییانە هەنگاو بنێت، ئەوا ئەگەری گەیشتنی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 3700 دۆلار هەیە. بەڵام ئەگەر بریاری بانکی ناوەندی ئەمریکا هاوتەریب نەبێت لەگەڵ هەستی بازرگانان، بەپێچەوانە ئەگەری دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە ئارادایە.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوای دابەزاندی زۆر لە سوودی بانکی لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت، بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی سبەی بریار لەسەر کەمکردنەوەی 0.25٪ ـی سوودی بانکی بدات و هەندێکیش چانسێکیان هێشتووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەڕیژەی 0.50٪.