رێکخراوێکی ژینگەیی: تاوەکو ساڵی 2050 ساڵانە نزیکەی 300 رۆژی خۆڵبارین دەبێت

رێکخراوێکی ژینگەیی پێشبینی دەکات، ژمارەی ئەو رۆژانەی تێیاندا خۆڵبارین لە عێراق دەبێ، تاوەکو ساڵی 2050 بگاتە 300 رۆژ، بەڵام دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە و بە “بێبنەما” ناویان دەبات.
روانگەی عێراقی سەوز بڵاویکردەوە، لە دوو دەیەی رابردوودا ژمارەی رۆژانی خۆڵبارین لە عێراق لە 243ـەوە بۆ 272 رۆژ لە ساڵێکدا زیاد بووە و پێشبینی دەکات تاوەکو ساڵی 2050 ژمارەکە بگاتە نزیکەی 300 رۆژ.
بەگوێرەی رێکخراوەکە، خۆڵبارین ساڵانە زیانێکی ئابووریی گەورە دەگەیێنێت کە تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەوە جگە لە دروستکردنی کێشەی تەندروستی و پەکخستنی کەرتی گواستنەوە.
لە بەرامبەردا عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1-10-2025)، رایگەیاند، ئەو هەواڵ و زانیارییانەی لەبارەی ژمارەی ئەو رۆژانەی کە تێیاندا خۆڵبارین دەبێ “بێ بنەمان و زێدەڕۆیی زۆریان تێدایە و راست نین.”
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق گوتی، “ساڵ 365 رۆژە. چۆن دەکرێت 300 رۆژی خۆڵبارین بێت؟” و ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی 2022 کە زۆرترین خۆڵبارینی تێدا تۆمارکرا، تەنیا 24 رۆژ بوو.
عامر جابری گوتی، خۆڵبارین ساڵانە زیاتر لە کۆتایی مانگی نیسان و سەرەتای ئایار تاوەکو مانگی ئاب روودەدات و گوتی: “ئەو ماوەیە نزیکەی چوار مانگە. ئەگەر مانگانە چوار جاریش خۆڵ ببارێت، ئەوا ساڵانە دەکاتە 16 رۆژ.”
سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ، عامر جابری گوتی، بەهۆی چالاکبوونی بای باکووری رۆژئاواوە کە خێراییەکەی لە هەندێک ناوچە دەگاتە 45 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، خۆڵبارین لە ناوچە بیابانییەکانی عێراق دروستبووە و مەودای بینینی کەمکردووەتەوە.
بەگوتەی عامر جابری، بەو هۆیەوە خۆڵبارین لە باشووری پارێزگای نەینەوا و باکووری ئەنبار دروستبووە و کاریگەرییەکەی دەگاتە بەشێک لە پارێزگاکانی کەرکووک و سەلاحەدین؛ شەویش دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
گوتەبێژی دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ پلەی گەرما نزیکەی دوو پلەی سیلیزی بەراورد بە رۆژانی رابردوو دادەبەزێ و کەشوهەوای شارەکانی نێوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان مامناوەند دەبێت.