نرخی زێڕ و زیو چی بەسەر دێت؟

سەرەتای هەفتەیە لە بازاڕەکانی جیهان، نرخی زێڕ دووبارە ئاستێکی مێژوویی دیکەی تۆمارکرد و توانی 4070 دۆلار تێپەڕێنێت.
کێشەی نێوان ئەمریکا و چین
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 10ـی ئەم مانگە بڕیاریدا پێناسە گومرگییەکان لەسەر کاڵای چینی بە رێژەی 100٪ زیادبکات، ئەوەش دوای ئەوەی چین بەربەستی نوێی لەسەر هەناردەکردنی کانزای دەگمەن دانا و هەناردەکردنی ئەو جۆرە کانزایە کە 70٪ ـی بازاڕەکەی بەدەستەوەیە سنووردارکرد. وەزارەتی بازرگانیی چینیش لە رایگەیێندراوێکی توونددا بەرگری لە بڕیارەکەی خۆیان کرد و گوتی، شەڕیان ناوێت، بەڵام لێیشی ناترسن.
هەرچەندە نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمارکردووە و گرژی و ئاڵۆزییەکان لەنێوان ئەمریکا و چین هۆکارەکەیەتی، بەڵام دەبێت بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن. دۆناڵد ترەمپ رۆژی یەکشەممە هەندێ قسەی نەرمی بەرامبەر بە چین کردووە و دوێنێ گوتی، “لەگەڵ چین باش دەبن.”
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش دوێنێ گوتی، “ترەمپ ئامادەیە دانوستانکارێکی ژیر بێت لەگەڵ چیندا.”
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەردەوامیی داخستنی حکومەتی ئەمریکایە کە پێی ناوەتە نێو 12ـەمین رۆژی خۆیەوە. داخرانی حکومەتی ئەمریکا لە بەهای دۆلاری ئەمریکی کەمکردووە و نرخی زێڕی بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر هانداوە.
رەوشی ئابووریی ئەمریکا و داتا ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن.
رۆژی هەینی، 24ـی ئەم مانگە بڕیارە ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاوببنەوە کە دەتوانێت کاریگەری بەرچاو لە نرخی زێڕ دروستبکات.
ئەم هەفتەیە دەبێتە 8 هەفتەی بەردەوام کە نرخی زێڕ یەک لە دوای یەک بەرزدەبێتەوە، بەڵام، ئهمڕۆ هیچ رووداوێکی ئابووریی گرنگ نییه و له ویلایهته یهکگرتووهکانی ئهمریکا پشووی فهرمییه، که به رۆژی “کۆڵۆمبۆس” ناسراوه. سەرەڕای ئەوەش لەڕووی تەکنیکییەوە، پێنوێنی (RSI) کە تایبەتە بە هێز و توانای گۆڕینی نرخەکان، لە چارتی رۆژانەدا گەیشتووەتە 80، بە واتایەک کە زێڕ لەلایەن بازرگانانەوە لە رادەبەر کڕدراوە و ئەگەری پاشەکشەی لانیکەم لە کورتخایەندا هەیە.
لە هەر بارودۆخێکدا ئاماژە تەکنیکییەکان ئەوەمان پێدەڵێن لە کورتخایەن و مامناوەندا، نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە دەتوانێت ئاستی 4100 دۆلار بەدەستبهێنێت و بگاتە 4138 دۆلاریش. ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت ئەمڕۆ دووشەممە ئاستی 4070 دۆلار بپارێزێت بە ئەگەری زۆرەوە، پاشەکشەی نرخی زێڕ لەو ئاستەوە دەستپێدەکاتەوە.
بەوپێیەش بەر لەوەی نرخی زێڕ بتونێت ئاستی بەرزی نوێی دیکە تۆماربکات، ئەگەری دابەزین و پاشەکشەی کورتخایەنی بۆ نزیکەی 3991 دۆلار و 3950 دۆلار هەیە، بەتایبەتی ئەگەر رووداوە جیۆسیاسییەکان فرۆشیار لە بازاڕی زێڕدا زیاد بکات. جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەی غەززە بە رێکوپێکی و نەرمبوونی لێدوانی چین و ئەمریکا بەرامبەر بە یەکدی دەتوانێت هۆکاری ئەو پاشەکشەیە بێت.
نرخی زیو
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.10 دۆلار، واتا نزیکەی 2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 51.46 دۆلار. بەو پێیەش ئێستا نرخی کیلۆیەک زیو نزیکەی هەزار و 654 دۆلارە. ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زیوە تۆمارکرابێت. هاوشێوەی زێڕ، تووندبوونەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکان لەنێوان ئەمریکا و چین، ناسەقامگیریی سیاسی و پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆتایی ئەم مانگدا، هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
نرخی زیو له رۆژانی رابردوودا به شێوهیهکی بهرچاو بهرزبووهتهوه، ئهمهش بههۆی کۆمهڵێک فاکتەر وەک کهمیی خستنهڕووی فیزیکی، خواستێکی بههێزی وهبهرهێنان. بهپێی راپۆرتێکی ئەمڕۆی ئاژانسی بلومبێرگ، بازرگانان بهپهله روویان له لهندهن کردووه بۆ کڕینی زیوی فیزیکی له کاتێکدا لە بازاڕ دابینکردنی ئەو کانزایە کهم بووەتەوە. کارگەکان و کانەکان نەیانتوانیوە ئەو خواستەی کە لە بازاڕدا هەیە بۆ کڕینی زیو، پڕبکەنەوە.
زیو بەدەگمەن کانی سەربەخۆی هەیە و بەرهەمی دووەمە لە کانەکانی دیکەی وەک مس و زینک و قوڕقوشم. کەمیی دابینکاری ئەو کانزایە و رێژەی بەرزی بەکارهێنانی لە پیشەسازییەکاندا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی مێژوویی نرخەکەی.
لهڕووی تهکنیکییهوه، شکاندنی نرخی زیو بۆ سهرووی 45 دۆلار بۆ ههر ئۆنسەیەک بووهتە هۆکار بۆ زیادبوونی خواست لەلایەن وەبەرهێنەرە گەورەکانەوە. هەرچەندە هاوچەشنی زێڕ، زیویش لە ناوچەیەکدایە کە زۆر کڕدراوە، بەڵام هێشتا هێزی کڕیاران لە بازاڕدا زیاترە لە فرۆشیاران. له کورتخایهندا، رهنگه زیو ئاستی 52–55 دۆلار بۆ ههر ئۆنسێک تاقی بکاتهوه ئهگهر گیروگرفتهکانی خستنهڕوو بهردهوام بن، بهڵام به لهبهرچاوگرتنی خێرایی زۆری بهرزبوونهوهکەی، ئەگەری پاشەکشەیەکی بۆ نزیکەی 50 تاوەکو 48 دۆلار هەیە.